پەرلەمانتارێکی گۆڕان: دەبێت ڕێککەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی هەڵبوەشێتەوە

 پەرلەمانتارێکی گۆڕان: دەبێت ڕێککەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی هەڵبوەشێتەوە
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسیارە لە جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنەکەیان و دەڵێت: "لەناو یەکێتیش باڵێک لەگەڵ ڕێککەوتنەکەدا نییە".

حەسەن ساڵح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان و هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: “لە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی سەرکەوتوو نەبووین کە بەشێکی بۆ ناکۆکییەکانی ناو یەکێتی دەگەڕێتەوە”. ڕوونیشی کردەوە: “ئەم ڕێککەوتنە بۆ ئەوە بوو کە هاوسەنگیی هێز بگۆڕێت، بەڵام بەداخەوە بەرەو کاڵبوونەوە دەڕوات". گوتیشی: "ئەگەر لە حاڵەتێکدا ئەو ڕێککەوتنە هەڵوەشایەوە، گۆڕان لە هەڵوێستی خۆی بەردەوام دەبێت، چونکە پشتمان بەهیچ هێزێکی سیاسی نەبەستووە، بە کۆمەڵی ئیسلامییشەوە کە بۆچوونەکانی لە ئێمەوە نزیکە".

بە گوتەی ئەو هەڵسووڕاوەی گۆڕان، ئەوان لەسەرەتاوە نەیاندەزانی یەکێتی ئەم ڕێککەوتنە “بەم قۆناغە دەگەیەنێت”، بەڵام “ئاراستەیەک لەناو یەکێتی لەگەڵ ئەم ڕێککەوتنە نییە و خەڵک لە ئاستی سەرەوەی یەکێتی ڕێگرن لەو رێککەوتنە، دیارە بەرژەوەندییان لەوە دایە”. دووپاتیشی کردەوە: “ئەگەر ئاوا بڕوات، هەڵوەشاندنەوەی ئەم ڕێککەوتنە زۆر باشە".

پێشتر ژمارەیەک لە هەڵسووڕاوانی گۆڕان لە یاداشتێکدا داوای یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ڕێککەوتنی نێوان بزووتنەوەکەیان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان کردبوو.





باسنیوز
Top