گوتەبێژی پارتی: لە دوو هەفتەی داهاتوودا چاکسازییەکان دەکەونە بواری جێبەجێ کردنەوە
ئەمڕۆ شەممە (14\1\2017)، بە ئامادەبوونی بارزانی، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی، مەحموود محەمەد، گوتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا پرسی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا باسکراوە، لەو چوار چێوەیەدا باس لە سەردانەکەی پێشووی بارزانی بۆ بەغدا و گفتوگۆکانی تایبەت بە سەربەخۆیی کوردستان کرا، باسی ئەوە کرا کە کۆمەڵێک هەنگاو لە بەغدا نراوون، ئەم هەنگاوانە لە ئاستی ڕێککەوتنەکانی پێشوو نییە و دەبێت پێداچوونەوەی تێدا بکرێت.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "لەبارەی گرنگی گرتنەوەی مووسڵ و پەیوەندی بە هەرێمی کوردستان تەوەرەیەکی دیکەی گفتووگۆکان بووە و باس کراوە، زۆرجار باسی ئەوە دەکرێت کە کورد بۆچی خۆی تێکەڵی گرتنەوەی مووسڵ کردووە؟. لەبارەی کاری داهاتووی پارتی ئەوەی خستەروو، جددییەتی پارتی لەسەر ئەو پرسە جەختی لێ کرایەوە و جەخت لەوە کرایەوە کە چۆن بتوانین لەگەڵ لایەنەکانی دیکە قۆناغی ئێستا تێپەڕێنین، دەشڵێت: "لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دانیشتن، بڕیارە لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیکە لێژنەیەک پێک بێت، بۆ بابەتی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەردانی بەغدا بکەن".
مەحموود محەمەد راشیگەیاند: ڕەنگە هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆببنەوە، دواتر لەگەڵ لایەنەکان گفتوگۆیان دەبێت.
لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان گوتەبێژی پارتی جەختی لەوەکردەوە، لەگەڵ یەکێتی لە ڕوانگەی هەستکردنی بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی، باسمان لە چۆنییەتی کاراکردنەوەی پەرلەمان کردووە. بۆچوون هەیە لەسەر ئەو پرسە، بەڵام هێشتا گفتووگۆی لەسەرە و نەیگەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی.
لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا گوتەبێژی پارتی، ئاماژەی بەوەدا ناوەڕۆکی پرۆژەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەن، هەموو لێژنەکانی چاکسازیی ناو پارتی کارەکانی خۆیان تەواو کردووە و ڕاپۆرتی باش ئامادە کراوە و لە دوو هەفتەی داهاتوو دەست بە جێبەجێکردنی چاکسازییەکان دەکرێت.
پێشی وایە، دەبێت هەرچی زووە، ناوماڵی خۆمان ڕێک بخەین و یەکڕیزی بپارێزین، مەرج نییە هەموو لایەنەکان ڕازی ببن، ڕەنگە هەندێک لایەن هەبن کە بەهیچ شتێک ڕازی نەبن، بەڵام دەبێت زۆرینەی لایەنە کوردستانییەکان یەکڕیزبن.
لەبارەی هەبونی پەکەکە لە شەنگال، مەحموود محەمەد روونیکردەوە، سوپاسی هەر لایەنێک دەکەن کە لە بەرگریکردن لە کوردستان دژی داعش هاوکار بوون، بەڵام ئەمە مانای وا نییە کە هەر هێز و لایەنێک، بەشێکی کوردستان داببڕن و بۆ خۆیان بەڕێوەی ببەن، شنگال بەشێکە لە هەرێمی کوردستان و دەبێت بەپێی یاسا و ڕێساکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت، پەکەکە شوێنی خۆیان هەیە و دەبێت شنگال چۆڵ بکەن
باسنيوز
