بارەگای لقی مووسڵی پارتی دیموکراتیی کوردستان کۆنتڕۆڵ کرایەوە
ئیسلام حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: “درەنگانی شەوی ڕابردوو، بارەگای لقی 17ی پارتی لە مووسڵ ئازادکرایەوە کە جگە لە بارەگای لق، بارەگای لێژنەی ناوچە و دەزگای ڕاگەیاندن و هەڵبژاردن و ناوەندی ڕۆشنبیریی پارتی ئازاد کراونەتەوە”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "بڕیارە سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، بەرنامە و پلانی تایبەتی هەبێت بۆ شێوەی کارکردنی داهاتووی پارتی لە پارێزگای نەینەوا، بە جۆرێک ڕێکخستنەکان فراوان دەکرێتەوە و شێوەی تازە بۆ کاری سیاسیی ئەو پارێزگایە دادەنرێت کە پێش ئازادکردنەوەی مووسڵ ئەو بەرنامەیە کاری لەسەر کراوە".
لە 10\6\2014، ڕێکخراوی توندڕەوی داعش شاری مووسڵی داگیر کرد کە ئەو کاتە لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراق و پۆلیسی ئیتیحادییەوە پارێزگاری لێ دەکرا، لە هەمان کاتیشدا بارەگاکەی پارتی هاوشێوەی تەواوی شارەکە لەلایەن داعشەوە داگیر کرا.
باسنیوز
