دەزگای خێرخوازیی بارزانی له چەندین چالاکی هاوکاریی گەیانده هەزاران خێزانی ئاواره

دەزگای خێرخوازیی بارزانی له چەندین چالاکی هاوکاریی گەیانده هەزاران خێزانی ئاواره


ھەزاران خێزان لە کەمپەکانی خازر ھاوکاری دەکرێن

لە درێژەی چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دابینکردنی پێداویستی ئاوارەکانی ناو کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان. خواردن، جلوبەرگ، فریاگوزاری سەرەتایی، ئارد، سۆبە و نەوت بۆ ٢٧٠٠ خێزان دابین دەکرێت و ٥٠٠ قتووی شیری منداڵانیش بەسەر ئاوارەکاندا بڵاو دەکرێتەوە.

رێکەوتی ١٣/١/٢٠١٧ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ھەماھەنگی ئیغاسەی ئیسلامی بەریتانی پارسێلی خۆراک و فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ ١٦٠٠ خێزانی ئاوارەی موسڵی کەمپەکانی خازر دابینکرد، ھەروەھا بە ھاوکاری دەزگای ئەیوا سۆبە و نەوت و بەتانی بەسەر ٥٠٠ خێزاندا دابەشکرد.

ھەر لەو رۆژەدا ھاوکاری کردنی ئاوارەکان بەردوامبوون و شیر و خاوێنکەرەوە بۆ ٥٠٠ منداڵ لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەزگای تەکالیف بۆ منداڵانی کەمپەکە دابینکرا.

جێگای ئاماژەیە ھەرکام لە رێکخراوەکانی (ئەھلنا و شعاع الامل) ھاوکاریی جۆراو جۆرییان بۆ ئاوارەکان دابینکردبوو و لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەو بەسەر خێزانەکانی نیشتەجیی کەمپەکانی خازردا بڵاو کرایەوە، ھاوکارییەکان بریتی بوون لە (جلوبەرگی ئافرەتان، ئارد و کەپسولی گاز).



لە وەرزی زستان دابەشکردنی نەوت بۆ ئاوارەکان بەردەوامە

بەمەبەستی ھاوکاریکردنی ئاوارەکان و پەنابەران لە وەرزی زستاندا مانگانە نەوت و پێداویستییەکانی دیکەی گەرم کەرەوە بۆ خێزانەکان دابین دەکرێت، کە لەو چوارچێوەیەدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی و UNHCR نەوتیان بۆ ٦٤١ خێزانی کەمپی باسرمە دابینکرد.

رێکەوتی ١٣/١/٢٠١٧ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ھەماھەنگی UNHCR نەوتی بۆ ٦٤١ خێزانی دانیشتووی کەمپی باسرمە دابین کرد، ھەر خێزانێک بری ٤٠ لیتر نەوتی پێشکەش کرا.

کەمپی باسرمە دەکەوێتە سنوری پارێزگای ھەولێر و تایبەتە بە پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان و تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھاوکاری جۆراوجۆریان پێشکەش دەکەن.



لە کەمپی حەسەنشام ٢ ھەزار خێزان کۆمەککران

دەزگای خێرخوازیی بارزانی رۆژانە پێداویستی بۆ ھەزاران ئاوارە و پەنابەر بە ھەماھەنگی رێکخراو و ناوەندە ھاوبەشەکانی دابین دەکات و لە درێژەی ھەڵمەتە خێرخوازییەکانیدا ھاوکاری ٢٠٠٠ خێزانی ئاوارەی کەمپی حەسەنشام کرا.

رێکەوتی ١٣/١/٢٠١٧ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق پارسێلی خۆراک و پێداویستی سەرەتایی بۆ ٢٠٠٠ خێزانی ئاوارەی موسڵ و دەورووبەری لە کەمپی حەسەنشام دابەشکرد.

ئاوارەکانی ناوکەمپەکان بەردەوام پێویستیان بە ھاوکاری و یارمەتی ھەیە و ئەو ئەرکە ئینسانییە کەوتووەتە ئەستۆی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ھاوکاریی و یارمەتییەکان لە رێگای تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بەسەر ئاوارە و پەنابەراندا دابەشدەکرێن، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئاست زیاتر یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران و کەسانی کەم دەرامەت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ریکخراوە جیھانییەکان چڕتر کردۆتەوە و لەو میانەشدا توانیوە ھاوکاری بۆ بەشێکی زۆری ئاوارە و پەنابەران دابین بکات.



١٥ قوتابخانەی سنوری دھۆک نۆژەن کرانەوە

مەراسیمی کۆتاییھاتنی نۆژەنکردنەوەی ١٥ قوتابخانە لە سنوری پارێزگای دھۆک بەرێوەچوو کە لەلایەن دەزگای GIZی ئەڵمانی بە ھاوکاری لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەماوەی ٤٠ رۆژدا بەڕێوەچوو تیایدا زیاتر لە ١٠٠٠ کەس سودمەندبون.

رێکەوتی ١٢/١/٢٠١٧ مەراسیمێک بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئیسماعیل محەمەد ھاریکاری پارێزگاری دھۆک بۆ کاروباری مرۆڤایەتی و قایمقام و بەرێوەبەری پەروەردەی دھۆک بەرێوەچوو، مەراسیمەکە بەبۆنەی کۆتاییھاتنی پرۆژەیەکی ھاوبەشی دەزگای GIZی ئەڵمانی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شاری دھۆک پێکھاتبوو.

لەو پرۆژەیەدا ١٥ قوتابخانەی سنوری پارێزگای دھۆک نۆژەنکرانەوە و لە پرۆژەکەدا ٧٦٠ پەنابەری رۆژئاوای کوردستان بەشدار بوون، جێگای ئاماژەیە کە لە پرۆژەیەکی ھاوچەشندا لە شاری ھەولێر ١٢ قوتابخانە لە لایەن دەزگای GIZ ی ئەلمانی و و دەزگای خێرخوازیی بارزانیەوە نۆژەن کرانەوە.
PAYAMNER-
Top