کوردستانیان پەرەپێدان بە رێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتیی بە گرینگ دەزانن
مامۆستا (ئازاد عەلی) بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ئەو دەستكەوت و پێشكەوتنانە و ئەو ئەمنیەتەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان هەیە، بەرهەمی ڕێككەوتنی ستراتیژی پارتی و یەكێتییە، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو گۆڕانكاریانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێن بە سەركەوتوو و سەلامەتی ڕزگار بین و سوودمەندی یەكەمیش بین لەو گۆڕانكاریانەدا، دەبێ ئەو ڕێككەوتنە نوێ بكرێتەوە، چونكە تا یەكێتی و پارتی لەگەڵ یەك بوون كێشە نەبوو، قەیران نەبوو، مووچە لەكاتی خۆیدا دەهات.
گوتیشی: ئەگەر ئێمە هەنگاو بەرەو دەوڵەت بوون بنێین، پێویستمان بەوەیە هەموومان پێكەوە خۆمان چاك بكەین و كار بۆ یەكگرتن و ئاوەدانی وڵات بكەین، چونكە ئێمە هەموومان لە یەك شوێن دەژین، ئەگەر سەركەوین هەموومان پێكەوە سەردەكەوین، ئەگەر لەناویش بچین هەموومان پێكەوە لەناو دەچین.
(هۆزان حەسەن) چالاكوانی بواری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، لەسایەی ڕێككەوتنی ستراتیژی رۆژ بۆ رۆژ هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕووێكەوە پێش دەكەوت و لە سایەی ئەو ڕێككەوتنە هەرێمی كوردستان زۆر دەستكەوتی گەورەی بە دەستهێنا كە تا ئێستایش شانازی پێوە دەكەین، ئەمڕۆیش كۆمەڵێك قەیران بەرۆكی هەرێمی كوردستانیان گرتووە، بۆ نەمانی ئەو قەیرانانە پێویستە پەڕە بەو ڕێككەوتنە بدرێت.
روونیشی كردەوە، ئێستایش هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی هەستیاردا تێپەڕدەبێت و توشی كۆمەڵێك قەیران بووینەتەوە، بۆیە زۆر پێویستە ئەو دوو لایەنە بە یەكگرتووی خۆیان لەو قەیرانانە زیاتر بە خاوەن بزانن بۆ ئەوەی بتوانن گەلی كورد لەو ناخۆشیانە رزگار بكەن، بۆ ئەوەی لەو هەڵەی بۆ گەلی كورد هاتووەتە پێشەوە كە ناوچەكە بە كۆمەڵێك گۆڕانكاری تێپەڕ دەبێت سوود وەربگرن.
هاووڵاتی( نزار سلێمان) بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان دیار كرد، كاتێك ڕێككەوتنی ستراتیژی لە نێوان پارتی و یەكێتی هەبوو، بە هاوبەشی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەبرا، لەو ماوەیەدا توانرا دەستكەوتی زۆر بۆ هەرێمی كوردستان تۆمار بكەن، لەوانە لە ڕوویی ئاوەدانی، سیاسی، هەموو ئەو دەستكەوتانەی لە بەغدا بە دەست هاتوون، لە پاش فراوان بوونی ئەو ڕێككەوتنە نەتوانرا ئەوەی لە رابردوو بكرێت، ئێستا بكرێت، هەموومان دەبینین هەرێمی كوردستان بە چ ئاقارێكدا دەڕوات، بۆیە من ئێستایش پێموایە لایەنی حوكمڕانی هەبێت و لایەنی ئۆپۆزسیۆن هەبێت، باشترە لەوەی هەموویان لە ناو دەسەڵات بن و لە دەرەوەیش ئۆپۆزسیۆن بن، بەمەیش ئەزموونی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو نابێت، بۆیە گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنی ستراتیژی و نوێكردنەوەی ئەو ڕێككەوتنە بۆ ئەم قۆناغە باشترین شتە، چونكە ئیدارەدانی وڵات بە پارتی و یەكێتیی دەكرێت".
kdp-
