کارزان سەباح هەورامی: بارزانی کوردستانی لە مەترسی پاراست
کارزان سەباح هەورامی، ڕۆژنامەنووسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (دەنگی عێراق)ی راگەیاند: ماوەیەکی زۆرە نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوە و هەندێک لایەنی سیاسی عێراق کار لەسەر تێکدانی رەوشی سیاسی کوردستان دەکەن، بە جۆرێک هەرجارە و بە پرۆژەیەک دەیانەویست ئەو دۆخەی لە کوردستان هەیە بەلارێیدا ببەن، کە بەداخەوە هەندێک حزبی کوردستان لەسەروویانەوە بزووتنەوەی گۆڕان کەوتبوونە ژێر سێبەری ئەو سیاسەتە و ماوەیەکی زۆر کاریان لەسەر ئەوە دەکرد کە سلێمانی لە کوردستان جیابکەنەوە، گوتی: "دوای دەستپێشخەری بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەی حزبەکان و پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی هەرسێ سەرۆکایەتی بارزانی لوغمێکی گەورەی سیاسی لە کوردستان لادا کە هەوڵ دەدرا لە ئەنجامی دوورکەوتنەوەی حزبەکان ئەو لوغمە بتەقێنرێتەوە".
گوتیشی: "سەرۆک بارزانی ئێستا وەک سیمبولی ئاشتی و بەرخودان لە ناوچەکە پارێزگاری لە هەرێمی کورستان دەکات بۆیە دوای پرۆژەکەی جۆرێک لە ئارامی سیاسی لە کوردستان هەیە، و جۆرێک لە بەدەمەوە هاتنی حزبەکانیش لەسەر پرۆژەکەی هەیە کە جگە لەو پرۆژە لە ئێستادا هیچ دەرچەیەکی دیکە لە ئارادانییە".
