حكومه‌تی هه‌رێم وه‌زاره‌تی دارایی راسپارد بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرتێك له‌سه‌ر داهات و خه‌رجییه‌كان
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری راسپارد بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرتێك له‌سه‌ر داهات و خه‌رجییه‌كانی ساڵی 2017.
ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌هه‌ولێر كۆبوویه‌وه‌و تێیدا چه‌ند وه‌زاره‌تێك راپۆرتیان له‌باره‌ی كاره‌كانیانه‌وه پێشكه‌شكرد.
مه‌ولود باوه‌موراد وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان له‌دوای كۆبونه‌وه‌كه به رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند "له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری دارایی به‌وه‌كاله‌ت راسپێردرا راپۆرتێك له‌سه‌ر داهات و خه‌رجییه‌كانی ساڵی 2017 ئاماده‌بكات، به‌پشتبه‌ستن به‌و داتایانه‌ی كه وه‌زیره‌كان له‌رێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رو به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كانه‌وه ئاماده‌ی ده‌كه‌ن".
وتیشی "كۆی خه‌رجیی و داهاته‌كان بۆ موچه یان وه‌به‌رهێنان له‌خشته‌یه‌كدا رێكده‌خرێت و بهراپۆرتێك ئاڕاسته‌ی حكومه‌ت ده‌كرێت تا له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه وه‌زاره‌ته‌كان كاره‌كانیان رێكبخه‌ن".
لای خۆشیه‌وه، عه‌بدوستار مه‌جید وه‌زیری كشتوكاڵ له‌لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌نوسان له‌دوای كۆبونه‌وه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند وه‌زاره‌تێك راپۆرتی خۆیان خستووه‌ته‌ڕوو.
باسی له‌وه‌شكرد، وه‌زاره‌تی شه‌هیدان راپۆرتێكی له‌باره‌ی به‌جینۆساید ناساندنی ئێزدییه‌كان خستوه‌ته‌ڕوو تێیدا باس له‌وه‌كراوه كه هه‌وڵی باش دراوه له‌گه‌ڵ دادگای نێوده‌وڵه‌تی و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌و باره‌یه‌وه.
xandan -
