بۆ یەکەمجار لە مێژوودا نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە بەشداری لە خولێکی ناتۆدا دەکات

 بۆ یەکەمجار لە مێژوودا نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە بەشداری لە خولێکی ناتۆدا دەکات
بەڕێوەبەری کاروباری پزیشکیی گشتی لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕای گەیاند، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە خولێکی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بەشداری کردووە.

لیوا د. موحسین محەمەد ڕەشید، بەڕێوەبەری کاروباری پزیشکیی گشتی لە وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایگەیاند: ”ناتۆ خولێکی لە بنکەی سەربازیی (هیلڤرسوم) لە شاری ئەمستردام لە هۆڵەندا کردووەتەوە کە لە 9ی ئەم مانگە تا 13ی مانگ بەردەوام دەبێت و دوو پزیشک کە ئەرکیان لە وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە، وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان بەشدارن“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە خولەکەدا نوێنەری 19 وڵات بەشدارییان کردووە، لە نێویاندا نوێنەری وڵاتانی (میسر، تونس، ئۆگەندە، غانا، ئەندەلووسیا و وڵاتانی ئەورووپا) هەن. گوتیشی: ”کوردستان یەکەمجارە بەشداری لەو خولەدا دەکات، هەرگیزیش لە عێراقدا هیچ نوێنەرێک بۆ ئەو خولە بانگهێشت نەکراوە، سەرجەم ئەوانەی بەشدارن، نوێنەری وڵاتن، تەنیا ئێمە نوێنەری هەرێمی کوردستانین کە دوو پزیشکین لە وەزارەتی پێشمەرگەوە نێردراوین“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە چەند پرۆفیسۆرێکی شارەزا لە بوارەکانی تایبەت بەو خولە کە لە ئەورووپا و ئەمریکاوە چوونەتە بنکەی سەربازیی هیلڤرسۆم، بابەتەکانی خولەکە پێشکەش دەکەن.






باسنیوز
Top