فیفا بەتەمایە گەمارۆ بخاتە سەر تۆپیی پێی ئێران
ماڵپەڕی (ئسنا) لەم بارەوە بڵاوی کردوووەتە "دوای پێشنیاری ڕێکخراوێکی مەدەنی و مافی مرۆڤی فەرەنسی بەناوی (ECPM) بۆ فیفا لەبارەی گەمارۆخستنە سەر تۆپی ئێران، سکرتێری گشتیی فیفاش پێشوازیی لەم پێشنیارە کردووە."
هۆکاری پێشنیاری ئەو ڕێکخراوە ئەوەیە کە چەندین حاڵتی بەڕێوەچوونی سزای سێدارە لەناو یاریگاکانی ئێران و یەک لەوان یاریگای پارێزگای فارس بەڕێوە چووە.
بەمدوایانە فیفا خاڵێکی بە بەرنامە و پێڕەوی خۆی زیاد کردووە کە لەسەر بنەمای پابەندبوون بە مافی مرۆڤ، بەتەمای سزادانی ئەو وڵاتانەیە کە لەناو یاریگا وەرزشییەکان پێشێلکاریی مافی مرۆڤ ئەنجام دەدەن.
ڕێکخراوی ECPMی فەرەنسی لە نامەیەکدا بۆ (جیانی ئینفانتینۆ) سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی جیهانی (FIFA) داوای کردووە کە ئاگاداری هەواڵی بەڕێوەچوونی سزای سیدارە لەناو یاریگاکانی ئێران بێت و تایبەتی و ئاشکرا داوای کردووە کە ئێران بەم بۆنەوە لە هەموو یارییە و چالاکییە نیودەوڵەتییەکان سزا بدرێت و گەمارۆی بخرێتە سەر.
ڕافائێل چنۆل هازان Raphaël Chenuil-Hazan بەڕێوەبەری ڕێکخراوە فەرەنسییەکە لە نامەکەیدا بۆ فیفا نووسیویە "فیفا ناتوانێ بڵێ لە بەرانبەر ئەم ڕەفتارەی ئیراندا کەمتەرخەمە. ئەگەر من یاریزان ببوایەم، لە شوێنێک کە مرۆڤێک تێیدا لەسێدارە دراوە، یاریم نەدەکرد."
لە بەرانبەر ئەم نامە ناڕەزایەتییدا سەرۆکی فیفا نامەیەکی بۆ سکرتێرەکەی نووسیوە و ئەو هەوڵانەی ئێرانی ئیدانە کردووە و نووسیویە "من بەتەمام لە داهاتوودا لەم بارەوە لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی ئێران قسە بکەم و لەڕێگەی بەرنامە و چالاکییەکانمانەوە پێش بەم هەوڵەی ئێران دەگرم و بەندی سێ بەرنامە و پێڕەوی فیفا ئەم دەسەڵاتە دەدات کە پێچەوانی ئەو هەوڵانە بجووڵێینەوە."
باسنيوز
