مه‌سرور بارزانی پێشوازی له وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ژاپۆن و شاندی یاوه‌ری ده‌كات
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، كه به ئاماده‌بوونی فۆمیۆ ئاوای باڵیۆزی ژاپۆن له عێراق و كاتسۆمی مۆریاسۆ كونسوڵی ژاپۆن له هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، تیشكخرایه سه‌ر په‌یوه‌ندیی دوقۆڵی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ژاپۆن له بواره جیاكاندا.
له‌وباره‌وه مه‌سرور بارزانی كردنه‌وه‌ی كونسوڵگه‌ری ژاپۆنی له هه‌ولێری پایته‌خت بۆ باشتر فه‌راهه‌مكردنی به‌رژوه‌ندی دوولایه‌نه به هه‌نگاوێكی پێشكه‌وتوو دانا و رایگه‌یاند، ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ گه‌لی كوردستان له‌پێش دایه، كه به‌هۆیه‌وه ناوچه‌كه سه‌قامگیریی و بوژانه‌وه‌ی زیاتر به‌خۆیه‌وه ده‌بینێ.
له‌لای خۆیه‌وه كێنتارۆ سۆنۆرا به‌ڕێز و پێزانینه‌وه باسی له قاره‌مانێتی و قوربانییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له شه‌ڕی دژ به تیرۆریستی نێوده‌وڵه‌تی كرد و رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان بۆ ژاپۆن زۆر گرینگه و ئێمه ده‌مانه‌وێ په‌یوه‌ندی پته‌وممان له‌گه‌ڵیدا هه‌بێت و گوتی: له پلان دایه ئه‌و په‌یوه‌ندیانه فره‌وان بن و بواره‌كانی كلتوور و په‌روه‌رده و ژێرخانیش بگرێته‌وه.
په‌ره‌سه‌ندن و گۆڕانكارییه چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی ناوچه‌كه و به‌رده‌وامی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و هه‌ماهه‌نگی و گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوون.
payamner-
