جەلال تاڵەبانی: پەکەکە دان بە مافەکانی کورددا نانێت و زیان بە ڕێڕەوی خەباتمان دەگەیەنێت
بەپێی تۆمارێکی ڤیدیۆیی کە مێژووەکەی بۆ ساڵانی نۆوەدەکان دەگەڕێتەوە، جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی، باسی لە پەکەکە کردووە و گوتوویەتی: “پەکەکە دان بە مافەکانی گەلی کورددا نانێت و زیان بە ڕێڕەوی خەباتمان دەگەیەنێت. پەکەکە ھەندێکجار ڕۆژنامەنووسانی تورکیا بۆ کوردستان بانگھێشت دەکات، بۆ ئەوەی بارەگاکانی خۆیان پیشان بدات و بە حکوومەتی تورکیا بڵێت، ئێمە لەناو خاکی کوردستانی عێراقین، بۆ ئەوەی وا لە تورکیا بکات کە ھێرش بکاتە سەر ھەرێمی کوردستان، بە ئامانجی تێکدانی پەیوەندیی ھەرێمی کوردستان و تورکیا”.
مام جەلال جەختی لەوە کردووەتەوە: “خۆتان دەزانن ئێمە ئێستا ھەموو جۆرە یارمەتییەک لەڕێی تورکیا وەردەگرین، (ئەو کارەی پەکەکە) دەبێتە ھۆی بڕینی ئەو یارمەتییە لە خەڵکی کوردستان، ئەمەش دەبێتە گەورەترین پاڵپشتی بۆ سەددام حوسێن”.
تاڵەبانی ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە بۆیان دەرکەوتووە و بەڵگەیان ھەیە کە دەیسەلمێنێت، پەکەکە ماوەی 3 ساڵە ڕێککەوتنی لەگەڵ سەددام حوسێن، دیکتاتۆری عێراقدا ھەیە و “پاڵپشتی سەدامی کردووە لە دژی خەڵکی ھەرێمی کوردستان”.
ھەر سەبارەت بەو قسانەی تاڵەبانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 11\1\2017، د. ناسیح غەفوور، چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند: ”کاتی خۆی جەمیل بایک دانی بەوەدا نا کە تاڵەبانی ئەو قسانەی کردووە و بەڵگەی ڤیدیۆییش ھەیە، پەکەکە ئەگەر وەک جاران نەمابێت، ئێستا سیاسەتی خراپتر بووە، بەرەو خراپتریش گۆڕاوە، جاران ھەندێک درووشمی ھەڵدەگرت بەناوی کوردستانی مەزن و کوردستانی سەربەخۆ، گوایە دەیەوێت کوردستانی گەورە دروست بکات، ئێستا ئەجێندای وڵاتان جێبەجێ دەکات، بوونیان لە قەندیل و شنگال و گەرمیان بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای ئێران و ناحەزان و نەیارانە“.
بە بڕوای ئەو چاودێرە سیاسییە، پەکەکە ”کراوە بە ئامراز و لە ناوەڕاستی حەفتاکانیشدا دەستیان کردووە بە تیرۆر، پێش ھەموو شتێک پاکتاوی ئەو کەسانەیان کردووە کە پێش ئەوان کاری سیاسییان بۆ بەرژەوەندیی کوردستان کردووە و زۆر شۆڕشگێڕ ھەبوون کە پێش ئەوان کوردایەتییان کردبوو، لە سنووری ئەواندا تیرۆر کراون. گوتیشی: ”دواتر دەستیان بە چالاکی کرد، لەسەر ھەندێک ڕێکخراوی فەڵەستینی خۆیان بە کوشت دا، بەڵام لە ساڵی 1982 کە ھاتن بۆ کوردستان، بارزانی بڕیاری دا ڕێگایان بکەنەوە وەک میوان، بەتایبەت لە لۆلان، ئێمە ئەو کاتە ھەرچی شتی خۆمان ھەبوو دامانە پەکەکە، بەڵام ئەوان خەنجەریان لێ داین و دواتر دەستیان کرد بە سیاسەتی فیتنەنانەوە لە کوردستان“.
باسنیوز
