یابان و هەرێمی کوردستان رێککەوتننامەیەک واژۆ دەکەن

یابان و هەرێمی کوردستان رێککەوتننامەیەک واژۆ دەکەن
باڵیۆزی یابان لە عێراق و سەرۆکی دەستەیەکی گشتیی هەرێمی کوردستان رێککەوتننامەیەک واژۆ دەکەن.

رۆژی چوارشەممە 11/1/2017، محەمەد ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە کوردستان و فۆمیۆ ئیوای، باڵیۆزی یابان لە عێراق رێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد بۆ پاککردنەوەی 424 هەزار کیلۆمەتر دوجا لە مین.

بەپێی رێککەوتنەکە، یابان بە بڕی 833 هەزار دۆلار ئامێر و کەلوپەلی پێویست بۆ هەڵگرتنەوەی مین و بە هەرێمی کوردستان دەبەخشێت.

فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی نێوان تۆکیۆ و هەولێر، ”ئەم رێککەوتنەمان واژۆ کرد“ و ئەمڕۆ چوارشەممەش کونسوڵخانەی ئەو ولاتە لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.

کینارۆ سۆنۆرا، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە لە رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنەکە، رایگەیاند، وڵاتەکەی بە توانای هێزەکانی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان لە رووبەڕوو بوونەوەی رێکخراوی توندڕەوی داعش سەرسامە و ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ ماوەیەکی درێژ هاوکاریی هەوێر بکات لە هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنییەکان.

محەمەد ئەحمەد لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە تاوەکو ئێستا 14 هەزار هاووڵاتیی بوونەتە قوربانیی مین و ئێستاش لە کۆی 776 هەزار میل چوارگۆشەی زەوی بە مین چێندراو، %65ـی لە ناو بردراوە.

بە درێژایی ساڵانی دایگیرکاریی رژێمی بەعسی عێراق، سەدان هەزار مین لەلایەن سوپای ئەو رژێمەوە لە کوردستانی باشوور چێندراون و چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشیش هەزاران مین و تەقەمەنییان لە ناوچە کوردستانییەکان بەجێ هێشتووە، کە هێزەکانی پێشمەرگە ناوچەکانیان رزگار کردووەتەوە و بەشێکی زۆری مینە و تەقەمەنییەکانیشیان پووچەڵ کردووەتەوە.


















باسنيوز
Top