ئەنجومەن وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا پرسی بودجە و داهات و بەرنامەی کاری حکوومەت باس دەکرێت.
ئەحمەد عوسمان، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: “سبەی پێنجشەممە 12\1\2017، ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و پێداچوونەوە بە کار و چالاکییەکانی حکوومەت، بەتایبەتیش ئەنجامی کۆبوونەوەی ڕابردووی حکوومەت و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بودجەی گشتیی 2017ی عێراق”. گوتیشی: “هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە قەیرانی دارایی و داهات دەکرێت، جگە لە پرسی خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان کە ساڵی ڕابردوو کەم بووەتەوە، لەگەڵ خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندرووستی”.
ڕاوێژکارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە: “بابەتی مووچەی فەرمانبەران، لە ئەولەویەتی کاری حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە و لە کۆبوونەوەکاندا باس دەکرێت، چونکە ئەگەر قورسایی شەڕی داعش و بابەتی ئاوارەکان کەمتر ببێتەوە و داهاتەکان زیاد بکەن، ئەوا کاریگەریی ڕاستەخۆ لەسەر قەیرانی دارایی لە کوردستان دروست دەکات”.
باسنیوز
