حەویجە ناوچەیەکی کوردستانییە و نابێ داعشی تێدا بمێنێت
کەمال کەرکووکی، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک راگەیاند، ماوەیەکە چەکدارانی داعش لە نزیک سەنگەرەکانی پێشمەرگە کەوتبوونە جموجۆڵ، بەڵام هەواڵگریی پێشمەرگە شوێنەکانیانی ئاشکرا کرد کاتژمێر 9ـی سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە 11/1/2017 فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان، بۆردومانیان کردن.
کەمال کەرکووکی ئاماژەی بەوەدا، کە خۆیان لە سەنگەرەکانەوە تێکشکانی هەمەر و ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکانی داعشیان لە ئەنجامی بۆردومانەکە بینیوە، بەڵام نازاندرێ ژمارەی کوژراوانی رێکخراوەکە چەندە، بەڵام ”پیلانەکەمان پووچەڵ کردنەوە“.
بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک هەروەها رایگەیاند، کە داعش بەردەوام مەترسیدارە بۆ سەر کوردستان و نابێ پشتگوێ بخرێت، ”ئێمە چەند ڕۆژە بە وردی چاودێرییان دەکەین، زانیارییەکانمان ورد بوو، ئەگەر ئەوەمان نەکردایە، ڕەنگە زیانیان بە چەند شوێنێک بگەیاندایە“.
کەمال کەرکووکی هەروەها باسی لەوە کرد، کە سارۆچکەی حەویجە لە باشووری رۆژئاوای کەرکووک ”خاکی کوردستانە و نابێت تیرۆریستانی داعشی تێدا بمێنێت، دەبێت پاک بکرێتەوە“.
هەروەک بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووکی هێزەکانی پێشمەرگە رایگەیاند، تێپەڕینی هێزە عێراقییەکان بەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە پێویستیی بە رێککەوتنە لەگەڵ پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان.
باسنیوز
