عومەر عینایەت: هەر بەشێکی یەکێتی بە ئاراستەیەک کار دەکات و ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتییشیان خەریكی بازرگانین
عومەر عینایەت، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و هەڵسوڕاوی ناسراوی گۆڕان لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی (کوردستان 24)، رایگەیاندووە، لە سەرەتای رێککەوتنەکەوە، سەرکردایەتیی یەکێتی ”بە تەواوی“ بە رێککەوتنەکە رازی نەبوون، ”رێککەوتنەکە دیراسە نەکراو بوو“.
عومەر عینایەت هەروەها رایەگیاند، کە رێککەوتنە ”هیچی“ لێ جێبەجێ نەکراوە و پشتگوێ خراوە، ”بۆیە ئەو یاداشتەمان ئاراستەی سەرکردایەتیی گۆڕان کرد“.
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاماژەی بەوە کرد، کە لە سەرەتاوە پێیوابووە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتی ”بە مردوویی“ لەدایکبووە و سەرنجی هەبووە و ”جێبەجێش ناکرێت“.
بەگوتەی ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان، ”هەندێک“ بەرپرس و سەرکردەی یەکێتی بازرگانی دەکەن و تێکەڵی بازاڕ و کۆمپانیا بوون، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتییە.
عومەر عینایەت، کە یەکێکە لەو هەڵسوڕاوانەی یاداشتێکیان ئاراستەی حزبەکەیان کردووە و تێیدا داوایان کرد پێداچوونەوە بە رێککەوتنەکە بکرێت، هاوکات هەڕەشەیان لە یەکێتی کرد، کە میدیاکانی گۆڕان ”له ئاست چهندين خواروخێچى و ههڵوێستى دژبهيهك و تهنانهت گهندهڵى بهشێك له بهرپرسان و نوێنهرەکان“ی یەکێتی بێدەنگ نابن.
ئەو هەڵسوڕاوە پێیوایە یەکێتیی بووەتە چوار بەشی و هەر بەشێکی بە ئاراستەیەک کار دەکات، بەمشێوەیە، تیمی حکوومەت و پەرلەمانی یەکێتی دژی فرۆشتنی نەوتی کوردستانە بەشێوەیەکی سەربەخۆ، تیمی حکوومەتیان لە هەولێر لەگەڵ پارتی داوای فرۆشتنی نەوت دەکات، تیمی پەرلەمانیان لە کوردستان وەک گۆران بیر دەکاتەوە و سەرکردایەتیی حزبەکەش بە بی دەنگی دانیشتووە و هیچ هەڵوێستێکی نییە.
رۆژی سێشەممە 17ـی ئایاری 2016، بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی گۆڕان رێککەوتننامەی هاوبەشیان لەنێوان حزبەکانیان واژۆ کرد.
باسنیوز
