بە ھەزاران کارمەند و پزیشک وازیان لە کارەکانیان ھێناوە
د.خاڵس قادرگوتەبێژ و بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە باسی را گەیاند: لە دوای قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە چوار ھەزارو ٤٠٠ کارمەندی تەندروستی وازیان لە کارەکەیان ھێناوە.
ئاماژەی بەوەدا قەیرانی دارایی کاریگەری زۆری کردۆتەسەر وەزارەتی دارایی و تەنھا لە ماوەی ٢ ساڵدا زیاتر لە چوار ھەزار و ٤٠٠ کارمەند و فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی وازیان لە کارەکانیان ھێناوە.
بەپێی بڕیارێکی حکوومەت، ھەر فەرمانبەرێک مۆڵەتی بێ مووچە وەربگرێت کە لە ساڵێک تاوەکو ٥ ساڵە ، تا کۆتاھاتنی ئەو ماوەیەی داوای مۆڵەتی کردووە، ناتوانێت بۆ سەر کارەکەی بگەڕێتەوە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی روونی کردەوە ساڵانە پێویستیان بە پزیشک و میلاکی تازە دەبێت بۆیە ئەو ٢ ھەزار و ٤٠٠ کارمەندەی وازیان ھێناوە بۆشاییان لە داموو دەزگا تەندروستیەکان دروست کردووە.
یەکێک لە کارمەندانی تەندروستی ئەوەی بەھەمان سەرچاوە راگەیاند: بەشێک لە پزیشکەکان ئامادەنەبوون بە مووچەی پاشەکەوتکراو کار بکەن و بەشێکیان روویان لە وڵاتانی دەرەوە کردووە گوتیشی:چەندین پزیشک دەناسم روویانکردە ئەڵمانیا و کەنەدا و وڵاتانی دیکە، چونکە لەوێ ئەگەر وەکوو پزیشکێکی گشتیش کاربکەن، مووچەکەیان چەند قاتی ئەوەیە کە لێرە وەک پسپۆڕێک وەریدەگرن.
payamner-
