ھەرێم و ھۆڵەندا لەسەر دانانی میکانیزمێکی ھاوبەش بۆ ھەماھەنگی نێوانیان ڕێککەوتن

ھەرێم و ھۆڵەندا لەسەر دانانی میکانیزمێکی ھاوبەش بۆ ھەماھەنگی نێوانیان ڕێککەوتن
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی کرد لە وەفدێکی وڵاتی ھۆڵەندا کە پێکھاتبوون لە وەزیری پەرەپێدان و بازرگانی ھۆڵەندا "لیلیان پلۆمین" و باڵێۆز و کونسڵی گشتی ھۆڵەندا و چەند بەرپرسێکی تر.



لە کۆبونەوەکەدا کە وەزیری پلاندانانی حکومەتی ھەرێم و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی بوون، باس لە پەیوەندییەکان و چۆنیەتی پتەو کردنیان لە ڕووی بازرگانی و دیبلۆماسییەوە و ھاوکارییەکانی ئەو وڵاتە بۆ ھەرێمی کوردستان کرا، ھەروەھا باس لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و سەرکەوتنەکانی ھێزی پێشمەرگە و ڕەوشی ئاوارەکانی نیشتەجێی ھەرێمی کوردستان کرا .



جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی ھەڵوێستی حکومەت و گەلی ھۆڵەندای کرد بۆ ئەو پاڵپشتییە بەردەوامەی بۆ گەلی کوردیان کردووە و ڕایگەیاند: "ھۆڵەندا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ھەمیشە ھاوکاری گەلی کورد بووە و ئێستاش لە شەڕی تیرۆریستانی داعش ڕۆڵیان ھەبووە و پاڵپشتی ئێمە بوون کە ئەمەش جێگەی پێزانین و خۆشحاڵییە".



ھەروەھا ئاماژەی بەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکان کرد کە لە ھەرێمی کوردستانن و داوای لێکردن بەردەوام بن لە ھاوکاریە مرۆییەکانیان بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامی بدەن بە خزمەتکردنیان. لەو بارەیەوە قوباد تاڵەبانی داوی کرد کە ھەرێمی کوردستان نوێنەری تایبەتی ھەبێت لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ئاوارە و ھاوکاری کردنی ئاوارەکان بۆ ئەوەی ھەماھەنگی باشتر ھەبێت لەو ڕووەوە.



لە بەشێکی تری قسەکانیدا جێگری سەرۆک وەزیران بەوردی باسی لە ڕەوشی ھەرێمی کوردستان کرد و بەتایبەت ھەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی ھەرێم و وتی: "ھەنگاوی زۆر باشمان بڕیوە بەڕووی چاکسازییەوە، پلانی ئەوەمان ھەیە لە کۆتاییدا ئەم قەیرانانەی بونەتە کێشە لە ئێستادا، ببنە مایەی خێر بۆ گەلەکەمان دوای جێبەجێکردنی قۆناغەکانی تری چاکسازی و دەرباز بوون لە گرفتەکان". ئاماژەی بەوەشدا کە بۆ ئەو مەبەستە ھەماھەنگییەکی باشمان لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی ھەیە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانمان و پەرەپێدانیان.



وتیشی: "سەرباری ھەموو ڕەخنە و لەمپەرەکان، حکومەتی ھەرێم بەردەوام دەبێت لە چاکسازی و ڕاستکردنەوەی کەمووکورتییەکان و دڵنیاشین کە کۆتایی بەم ڕەوشە نالەبارە دێت و بەرە بەرە لە گرفتەکان دەرباز دەبین و ئومێدمان ھەیە کە بەرەو باشتر ھەنگاو بنێین".



لای خۆشییەوە وەزیری پلاندانانی حکومەتی ھەرێم باسی لە ژیان و گوزەرانی ئاوارەکان کرد و چۆنیەتی دابین کردنی پێداویستیەکانی ڕۆژانەیان لە لایەن حکومەتی ھەرێمەوە کە سەرباری ھەموو قەیرانەکان فشارێکی زۆری لەسەر حکومەت دروست کردووە و وتی " بۆ بەردەوامی ئەو کارە پێویستمان بە ھاوکاری وڵاتان ھەیە، بۆیە داوا دەکەین بەردەوام بن لە ھاوکارییەکان بۆ ئەوەی حکومەتی ھەرێمیش ئەرکەکانی خۆی لەو ڕووەوە جێبەجێ بکات".



وەزیری پەرەپێدان و بازرگانی ھۆڵەندا سوپاسی حکومەتی ھەرێمی کرد بۆ ئەو پێشوازییە و وتی " بەدڵنییایەوە ئێمە درک دەکەین بەو فشار و ڕەوشەی رووی کردۆتە ھەرێمی کوردستان و ھەموو توانایەکی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ھاوکاری حکومەت و گەلی ھەرێمی کوردستان بکەین". ھەروەھا ستایشی قارەمانیەتی ھێزی پێشمەرگەی کرد لە شکست پێھێنانی داعش لە بەرەکانی شەڕ .



لە کۆتایی قسەکانیدا وەزیری پەرەپێدان و بازرگانی ھۆڵەندا داوای لە حکومەتی ھەرێم کرد کە ئاسانکاری و زەمینەسازی بکەن بۆ وەبەر ھێنانی ھۆڵەندییەکان لە ھەرێمی کوردستان.



لە تەوەری کۆتایی کۆبونەوەکەش ھەردوولا ڕێککەوتن لەسەر دانانی میکانیزمێکی ھاوبەش و گونجاو بۆ ھەماھەنگی نێوان ھەرێم و ھۆڵەندا بەتایبەت لە ڕووی وەبەرھێنان و بازرگانییەوە.​

payamner-
Top