ھۆڵەندا ڕۆڵی پێشمەرگە بەرز دەنرخێنێت

ھۆڵەندا ڕۆڵی پێشمەرگە بەرز دەنرخێنێت



ئێوارەی ئەمڕۆ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە خاتوو "لیلیان پلۆومەن" وەزیری پەرەپێدان و ھاوکاری و بازرگانیی نێودەوڵەتیی ھۆڵەندا و شاندێکی دیپلۆماسیی یاوەری کرد.



لە دیدارێکدا خاتوو پلۆومەن خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و سوپاسی پێشمەرگەی کرد کە قوربانییەکی زۆری بەخشی بۆ ئازادکردنی ناوچە جیاوازەکان لە دەستی تیرۆر و بەرگریکردن لە بنەما مرۆییەکان و پاراستنی مرۆڤایەتی کە ھەموو جیھان ئەو قوربانیدانەی پێشمەرگە بەرز دەنرخێنێت، ھەروەھا سوپاسی خەڵک و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشی کرد کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا خۆڕاگر بوون و سەرەڕای بارودۆخێکی سەختی ئابووری، پێشوازییان لە ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر کردووە و یارمەتی و خزمەتگوزاریی پێویستیان پێشکەش کردوون.



لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لە چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانی ناو کەمپی ئاوارەکان کردەوە و بەپێویستی زانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ڕێگە جیاوازەکان ھاوکاریی زیاتر پێشکەش بە ئاوارەکان بکات، ھەروەھا قۆناغی دوای ئازادکرنەوەی مووسڵ و گەڕانەوەی متمانە بۆ پێکھاتە جیاوازەکانی دەڤەرەکە و دابینکردن و پاراستنی ئاسایش و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەی، دووپات کردەوە. ئامادەییی وڵاتەکەیشی بۆ ھاوکارییکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە داراییەی بەرۆکی ھەرێمی گرتووە، نیشان دا.



لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمیکوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و تێبینی و بۆچوونەکانی بەڕێزیانی کرد و دڵنیای کردەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە ھاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر.



دووپاتیشی کردەوە کە حکوومەتی ھەرێم بۆ ھەر گۆڕانکاری و پێشوەچوونێکی سەردەمیانە ئامادەیە بەشێوەیەک لە بەرژەوەندیی خەڵکی ھەرێمی کوردستاندا بێت. لەمبارەیەشەوە ئاشکرایکرد کە ھەرێمی کوردستان دەتوانێت سوود لە پسپۆڕی و ئەزموونی ھۆڵەندا وەرگرێت و بۆ ئەو مەبەستەش ھەردوولا دەتوانن لێژنەی تایبەتمەند دروست بکەن. داوایشی کرد ھۆڵەندا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕۆڵی خۆی ببینێت تا لەو بارودۆخە سەختەدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکات.
payamner-
Top