بارزانى: ئهوانهى له پشتهوه خەنجەریان لە پێشمەرگە دا هەمان چارەنووسی داعش دەبێت
ئهمڕۆ سێشەممە 10ـی 1ـی 2017 لە سەلاحەدین ، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پیتەر ماورێر سەرۆكی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور و شاندێكی یاوەری كرد.
بهپێی ڕاگهیاندراوێكى سهرۆكایهتى ههرێم، لە دیدارەكەدا سەرۆكی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور سوپاسى بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و وێڕای ئاماژەدان بە ڕووداوە خێراكانی ناوچەكە و ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زیاتری خەڵکی ناوچەکە، ئەوەی بە سهرۆكى ههرێمى كوردستان ڕاگەیاند، كە ڕێكخراوی خاچی سوور لەو تەحەدییاتانە تێدەگات کە بەهۆی ئەو ڕەوشەوە ڕووبەڕووی هەرێم بوونەتەوە و دەیانەوێ چالاکییەکانی خۆیان زیاتر بکەن بە جۆرێك كە لەگەڵ گۆڕانكارییە تازەكان بگونجێت.
سەرۆكی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور سوپاسی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی كرد كە هەرچەندە لەماوەی ڕابردوودا میوانداریی سەدانهەزار ئاوارەیان كردووە و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانیان لە هەڕەشەی تیرۆریستان پاراستووە، لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵیشدا ژمارەیەکی زیاتری ئاوارە ڕوویان لە هەرێم کردووە لە کەمپەکاندا نیشتەجێ کراون.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور سوپاسی خۆی و ڕێکخراوەکەی بە بارزانی ڕاگەیاند کە وێڕای ئەوەی ناوچەکە لە شەڕدایە و دوژمنیش پێڕەوی لە هیچ یاسا و بەهایەک ناکات، بەڵام سەرۆکى ههرێمى كوردستان ڕێنمایی بەردەوامی داوەتە هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان کە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ بن و ڕایگەیاند: ئێمە تێدەگەین کە چەندە سەختە لە شەڕێکی لەوشێوەیەدا و لەگەڵ دوژمنێک کە ڕێز لە هیچ یاسا و بەهایەک ناگرێت، کەچی ئێوە بەردەوام ئاگاداری هێزەکانتان کردۆتەوە ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن و ئەوە لای ئێمە جێگای سەرنج و ڕێز و پێزانینە و پێمان وایە هەرێمی کوردستان لەو ڕووەوە توانیویەتی لە ناوچەکەدا ببێتە نموونەیەکی باڵا و بۆ ئەوەش پیرۆزبایی لە بارزانی کرد کە لە کاتی شەڕیشدا بە ڕێنماییەکانی توانیویەتی ئەو پیگەیە بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکات.
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور، ئاستی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ ڕێکخراوەکەیان بەرز نرخاند و سوپاسی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانی كرد كە لە جێبەجێكردنی ئەرك و كارەكانی ڕێكخراوەكەیان هاوكاری و ئاسانكارییان پێشكەش دەكەن و هەروەها ئاسانكاری و هاوكاریی گرتووخانەكانی هەرێمی كوردستانیشی بەرز نرخاند لە كاتی سەردانی نوێنەر و چاودێرەكانی ڕێكخراوەكەیان بۆ گرتووخانەكانی هەرێم و هیوای خواست ئەو هەماهەنگییەی ڕێکخراوەکەیان لەگەڵ هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ بەردەوام بێت.
پیتەر ماورێر ئاماژەی بەو تەحەدیاتانەش کرد کە بەرەوڕووی ئاوارەکان بۆتەوە لە گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان بەهۆی ئاسەواری شەڕ و داوای لە سەرۆک بارزانی کرد لەوبارەیەوە بەرچاوڕوونییان بداتێ کە چۆن بتوانن هاوکار بن.
لەبەرانبەردا، مهسعود بارزانی، بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و دەستخۆشی لە ئەرك و كارەكانی ڕێكخراوەکە كرد و پێشوازی لە هەوڵ و چالاكییەكانی کرد وەک چالاکترین ڕێکخراوی بواری هاوکاریی مرۆیی و هەڵوێست و تێڕوانینی ئەوانی بەرانبەر بە کوردستان بە شایەتییەکی عادلانە و مایەی شانازی لە قەڵەم دا و جەختیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە ئامادەیە گوێ لە ڕاسپاردە و ڕێنماییەکانی ئەو ڕێکخراوە بگرێت و هەماهەنگیی زیاتریش لەنێوان هەردوولادا هەبێت.
سەرۆكى ههرێمى كوردستان، لەبارەی ڕەوشی ئاوارەکان و چۆنییەتی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان ڕایگەیاند كە سەرباری ڕەوشی خراپی ئابووری و نەبوونی هاوکاریی پێویست بۆ ئاوارەکان، کە بووەتە بارگرانییەکی زۆر بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام جێگەی شانازییە کە كوردستان بووەتە پەناگەی ئاوارە و نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان و حكوومەتی هەرێم بەهەموو توانایەك یارمەتیی ئاوارەكان دەدات.
ئەوەشی بۆ شاندی میوان ڕوون کردەوە کە ئەو ناوچانەی ئازدکراون بەهۆی بوونی بڕێکی زۆر تەقەمەنی و بۆمبی چێندراو هێشتا جێگای دڵنیایی نین، هەروەها بەهۆی شەڕەوە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان لەو شوێنانە نەماون و بەو شێوەیەش شوێنی ژیان نین و ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە و پاک کردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ئەو شوێنانە پێویستی بە هەوڵێکی نێودەوڵەتی و هەمەلایەنە هەیە.
بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوانەی حوکمی داعشیان قبوڵ نەکرد و هانایان بۆ کوردستان هێنا، دوای نەمانی هەڕەشەی تیرۆریستان و پووچەڵکردنەوە و لابردنی تەقەمەنی و بۆمبی چێندراو و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان، دەتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان. بەڵام لە سەرەتای پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر کوردستان، کەسانێک کە شانەی نووستووی داعش بوون لەو ناوچانە بوونە هاوکاری داعش و لە پشتەوە خەنجەریان لە پێشمەرگە دا و بەو هۆیەوە زیانی زۆرمان بەرکەوت، بۆیە ئەوانە نابەخشرێن و چارەنووسیان هەمان چارەنووسی داعش دەبێت.
لە کۆتایی دیدارەکەدا سەرۆکی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور سوپاسی بارزانی کرد بۆ ڕوونکردنەوەکانی و جەختیشی کردەوە کە هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی هەوڵێکی هەمەلایەنە هەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ژیان بۆ ناوچە ئازادکراوەکان و وەک هەنگاوێکی پێویستیش بە نیازن ناوەندێکی دروستکردنی دەست و قاچی دەستکرد دابمەزرێنن تا بتوانن لەو ڕووەوە هاوکاریی ئەو کەسانە بکەن کە بەهۆی بۆمب و تەقەمەنییەکانی تیرۆریستانەوە دەست و قاچیان لەدەست داوە.
