“ئەنەکەسە مەرجی ئازادکردنی گیراوەکانی بۆ دەست پێ کردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ پەیەدە دادەنێت”
ئەحمەد حەمەئەمین، بەرپرسی ڕێکخراوی قوتابییانی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا کە پارتێکی نێو ئەنەکەسەیە، ڕایگەیاند: “تائێستا 35 سەرکردە و کەسایەتیی سیاسیی (پەدەکەسە) و (ئەنەکەسە) لەلای پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)وە دەستگیر کراون، بۆیە وەک هەڵوێستێکی سیاسی لەدژی ئەو ڕەفتارەی پەیەدە، هەتا گیراوەکان ئازاد نەکرێن و پەیەدە نەیەتە سەر هێڵی نیشتمانی، ناتوانین گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەین”.
بەرپرسەکەی پەدەکەسە جەختی لەوە کردەوە: “لە ڕاگەیاندنەکانەوە بیستوومانە کە گوایە پەیەدە دەیەوێت دەرگای گفتوگۆ بکاتەوە، بەڵام ناکرێت لەم دۆخەی ئێستای کوردستانی ڕۆژئاوا، هیچ قسەیەک لەسەر گفتوگۆ بکرێت، تا ئەو کاتەی دۆخی سیاسی ئاسایی دەکرێتەوە". گوتیشی: ”ئێمە ڕەتی دەکەینەوە کە شوێنمان دیاری کردبێت بۆ گفتوگۆ، بەڵام ئێمە یەک شت دەڵێین، کاتێک گفتوگۆ دەکەین، پڕۆژەیەکی نیشتمانی هەبێت، نەک پێشوەختە بە فەرمانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، بێنە گفتوگۆوە".
لە ماوەی ڕابردوودا، ژمارەیەکی بەرچاو لە کادیرانی پارتە کوردستانییەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا لەلایەن پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) و هێزەکانی یەپەگە و ئاسایشی ڕۆژئاواوە دەستگیر کراون.
باسنیوز
