سەرۆکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی کۆڕان: چاوەڕێی وەفدی پارتی دەکەین

 سەرۆکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی کۆڕان: چاوەڕێی وەفدی پارتی دەکەین
سەرۆکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، باسی گەڕی دووەمی کۆبوونەوەی نێوان پارت و لایەنە سیاسییەکان دەکات و دەڵێت، بزووتنەوەی گۆڕان چاوەڕێی وەفدی باڵای پارتی دەکات، بۆ دەست پێکردنەوەی گەڕی دووەمی کۆبوونەوەکان.

ڕەوف عوسمان، ڕێکخەری جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: "بزووتنەوەی گۆڕان، چاوەڕێی پارتی دیموکراتیی کوردستان دەکات، بۆ دەست پێ کردنەوەی گەڕی دووەمی کۆبوونەوەکان لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان”. گوتیشی:" ئێمە ئامادەی کۆبونەوەین لەگەڵ پارتی و ھەر حزبێکی دیکە، بە ئامانجی چارەسەرکردنی کۆی قەیرانەکانی ئێستا، بۆیە ھیوادارین لە گەڕی دووەمی کۆبوونەوەکاندا ھەموومان بتوانین، ھەنگاوی جددی بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشە و گرفتەکانی خەڵکی کوردستان بنێین”.

سەرۆکی جڤاتی گشتیی گۆڕان جەختی لەوە کردەوە کە چاوەڕوانن لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا پارتی پڕۆژەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەبێت، ڕوونیشی کردەوە: “باس لەوە دەکرێت کە بۆ گەڕی دووەمی کۆبوونەوەکان، پارتی سەرۆکی شاندەکەی بگۆڕێت و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی شاندەکە بێت، بێگومان ئەو لەنێو حزب و حکوومەتدا پێگەیەکی بەھێزی ھەیە، بۆیە ھیوادارین بەپێی دەسەڵاتەکانی خۆی، لە گەڕی دووەمی کۆبوونەوەکاندا ھەنگاوی جددی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان بنێت”.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیارە سبەی چوارشەممە 11\1\2017، شاندی پارتی دیموکراتیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێر کۆببێتەوە.














باسنیوز
Top