شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی بارودۆخی ھەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكەن
سەرچاوەیەك راگەیاند: سبەی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لە ھەولێر لەبارەی دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان و پەیوەندی نێوان ھەردوولا و چارەسەركردنی كێشەناوخۆییەكانی ھەرێمی كوردستان كۆدەبنەوە".
بە گوێرەی زانیارییەكان، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆكایەتی شاندی پارتی دەكات، ھەروەھا شاندی یەكێتی لەلایەن مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەرۆكایەتی دەكرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە دوێنی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە مەبەستی دەستپێكردنی گەڕی دووەمی كۆبوونەوەكان كۆبووەوە.
لە 20/11/2016، سەرۆك بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا بۆ لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، داوای کرد لایەنە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەناوخۆییەکانی گفتوگۆ بکەن، بارزانی داواشیکرد گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی و حکوومەت بکرێت.
دوای پەیامەکەی بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک دەستپێشخەری شاندێکی بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان پێکھێنا و گەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی لەگەڵ حزبەکان ئەنجامدا.
K24
