ناکۆکییەکانی نێوان گۆڕان و یەکێتی دەست پێ دەکاتەوە
لە یاداشتێکدا کە شەوی ڕابردوو بە ناوی ژمارەیەک لە هەڵسووڕاوانی گۆڕان بڵاو کرایەوە و ناوەڕۆکەکەی بڵاو کردەوە، داوای یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ڕێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی کراوە، لەبەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "وا خەریکە ئەو ھەستە لای ڕای گشتی درووست دەبێت کە گۆڕان لە ئاست خواستەکانی خەڵک بێ ھەڵوێستە و بووەتە قەڵغان بۆ پەردەپۆشکردنی کارە خراپەکانی گرووپە بەرژەوەندیخوازەکانی ناو یەکێتی کە ئەمەش لە شەقامدا وەک فریودانی گۆڕان وەسف دەکرێت". جەختیشیان لەوە کردووەتەوە کە کاتی ئەوە ھاتووە، لە نزیکترین کاتدا “سەرکردایەتیی یەکێتی بە فەرمی و ئاشکرا ئاگادار بکرێنەوە، بۆ ئەوەی بزانین ئایا ئامادەن ڕێککەتنەکە جێبەجێ بکەن یان نا؟ ئەگەر ئامادەن ئەوا بفەرموون لە سبەینێوە ھەنگاوی کرداری بنرێت، خۆ ئەگەر پەشیمانن، با خۆیان ھۆکارەکانی بۆ رای گشتیی ڕوون بکەنەوە و کۆتایی بە ڕێککەوتنەکە بھێنن".
لەمبارەیەوە بێستوون فایەق، پەرلەمانتاری گۆڕان و یەکێک لەوانەی کە پشتیوانی لە بەیاننامەکە دەکەن، ڕاگەیاند: “یەکێتى هۆکارى سەرەکىی جێبەجێنەکردنى ڕێککەوتنامەى 17ى ئایارى یەکێتى و گۆران بوو، ئەو ڕێککەوتنەى ئەوکات ئومێدى زۆرمان پێ بەخشى و دەلاقەیەکى باش و گونجاو بوو بۆ هاوسەنگکردنەوەى ئەو ناهاوسەنگییەى ئێستا لە کوردستان لەنێوان حزبەکاندا هەیە، هەر بەڕاستیش ناوەڕۆکەکەى خاڵى باش و دڵخۆشکەرى تێدا بوو”.
بێستوون فایەق باسی لەوە کرد کە هەرچەندە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە، “کەچی ئێستا هەندێک لە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، باسی یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتی دەکەن و ئامادەش نین یەک خاڵی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکەن، هەر ئەوان بوون کە نەهاتنە پێش بۆ ڕێککردنەوەى ئەو ناهاوسەنگییەى کە خۆیان بەشێکبوون لە دروستکردنى و وا خەریکە بە تەواوى دەچەسپێت".
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان، یەکێتی بە ڕێگریکردن لە ڕێککەوتنەکە تۆمەتبار کرد و گوتی: “ئەوان نەیانهێشت ڕێککەوتنەکە هەنگاوی باش ببڕێت”.
باسنیوز
