باڵە ناکۆکەکانی یەکێتی تاوتوێی یەکھەڵوێستی لەگەڵ پارتی دەکەن

 باڵە ناکۆکەکانی یەکێتی تاوتوێی یەکھەڵوێستی لەگەڵ پارتی دەکەن
سەرچاوەیەک، بەم نزیکانە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی ھەردوو باڵە ناکۆکەکەی یەکێتی لە ماڵی کۆسرەت رەسووڵ، لە سلێمانی کۆ دەبنەوە و کارنامەیەکیش بۆ کۆبوونەوەکە ئامادە کراوە، کە ببێتە نەخشەڕێگایەک بۆ چارەسەریی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، ھاوکات لەو کۆبوونەوەیەدا ھەردوو باڵەکە لەبارەی ئەو گرووپەی ناو گۆڕان، کە لە قەزای چەمچەماڵەوە ھەڕەشە دەکەن.



سەرچاوەکە لەبارەی ئامادەکاری بۆ ئەو کۆبوونەوەیە ئاشکرای کرد، نزیکەی دوو مانگە پاڤێڵ تاڵەبانی، کوڕی گەورەی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە ھەوڵی قەناعەت پێکردنی کۆسرەت رەسووڵ و باڵی ناوەندی بڕیاردایە بەوەی کە لەسەر مێزێک کۆ ببنەوە و ڕاشکاوانە گفتوگۆ بکەن، ئەگەرچی پێشتر لێرە و لەوێ کۆبوونەوەی کۆمەڵایەتییان ھەبووە.



بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، قبووڵکردنی کۆبوونەوە لەلایەن ناوەندی بڕیاری یەکێتییەوە تا ڕادەیەک پەیوەندdی بە ھەڵوێستی پاڤێڵ تاڵەبانییەوە ھەبووە سەبارەت بە قسەکانی شاناز ئیبراھیم، کە توانی فشار بخاتە سەر دایکی تا رێگە بە شاناز ئیبراھیم نەدات بەو شێوەیە قسە بکات، کە بارودۆخی ناو یەکێتی ئاڵۆزیی زیاتری تێ بکەوێت.



سەرچاوەکە زیاتر روونی کردەوە کە ئەجیندای کۆبوونەوەکەی ھەر دوو باڵە ناکۆکەکەی یەکێتی جگە لە چارەسەریی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، دانانی رێگاچارەیەک دەبێت بۆ ئەوەی کە یەکێتی لەگەڵ پارتی-دا بە یەکھەڵوێستی و بە رۆحی شەراکەتەوە گفتوگۆی جدی بکات بۆ چارەسەریی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان.



ھەر بەپێی سەرچاوەکە ئەجێندایەکی دیکەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردنە لەسەر بارودۆخی زۆنی سەوز و سەرکێشییەکانی گرووپێکی ناو گۆڕان، بۆ دروستکردنی کێشە و گرفت و ئیستیفزازی یەکێتی لە زۆنی سەوز.



سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ھۆکاری ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە لەم کاتەدا دەگەڕێتەوە بۆ قەناعەتی ھەردوو باڵەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بەوەی کە ئەگەر سنوورێک بۆ گۆڕان دانەنێن و بە جۆرێکی یەکلاکەرەوە مامەڵەی لەگەڵدا نەکەن، ئەوا بارودۆخی زۆنی سەوز دەچێتە قۆناغێکەوە کۆنتڕۆڵکردنی زەحمەتتر دەبێت.



سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، کوڕە گەورەکەی تاڵەبانی، قەناعەتی بە باڵی ناوەندی بریار کردووە کە ئەگەر لەسەر کێشە ناکۆکەکانیش نەگەنە ئەنجام، ئەوە لەسەر ئەو کێشانە دەتوانن بڕیار بدەن کە ھەڕەشە لە ئایندەی یەکێتی و زۆنی سەوز دەکەن.

سەرچاوەکە زانیاریی دیکەشی لەبارەی پێشنیازی یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان ئاشکرا کرد، کە بەپێی ھەندێ سەرچاوەی باوەڕپێکراوی زانیاری، ئێستا نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و چەند سەرکردەیەکی کۆنی یەکێتی لە گۆڕاندا نەخشە بۆ ئەو پڕۆسەیە دادەڕێژێن، کە بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە لەو کۆبوونەوەیەدا مەسەلەی یەکگرتنەوەی گۆڕان لەگەڵ یەکێتی باسی لێوە دەکرێت، ھەردوو باڵەکە ھاوڕان لەسەر ئەوەی کە پرۆسەکە نابێت ناو بنرێت یەکگرتنەوە، بەڵکو دەبێت گۆڕان بگەڕێتەوە بۆ ناو یەکێتی و مەرجی ھەردوو باڵەکەش ئەوەیە کە نابێ نەوشیروان مستەفا بەشێک بێت لە ئایندەی یەکێتی.



سەرچاوەکە راشی گەیاند، ئێستا نەوشیروان مستەفا بەو مەرجە رازی بووە و لە پەیامێکیدا بۆ ھێرۆ ئیبراھیم جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو تەنیا دەیەوێت ئەندازیاری ئەو پرۆسەیە بێت و ھیچ رۆڵێکی لە سەرکردایەتیدا ناوێت، بەڵکو بڕیاری داوە کە لەدوورەوە وەکو ھاوکار بێت و لە باشترین حاڵەتیشدا دەیەوێ وەکو راوێژکارێک رۆڵ ببینێت.



شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند، ئەوەی لە سلێمانی ڕوو دەدات، نیگەرانیی ئەمەریکا و ھاوپەیمانانی لێ کەوتووەتەوە، چونکە تێکدانی ئارامیی کوردستان ھێڵی سوورە.

بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارە، دەبێت بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو گرووپەی ناو بزووتنەوەی گۆڕاندا بکرێت کە ھەڕەشەیان کردووە، بە تایبەتیش ئەگەر ھەڕەشەکانیان جێبەجێ کرد.



ئەوەشی ئاشکرا کرد: "ئەمەریکا و وڵاتانی ھاوپەیمانان، بەوردی چاودێریی کۆی بارودۆخەکە دەکەن، چەندە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئارامیی کوردستانەوە پابەندە، ئەوەندەش ئەمەریکا و ھاوپەیمانان بە لایانەوە گرنگە ئارامیی کوردستان پارێزراو بێت و ڕێگە لە پێشێلکاریی ئەمنی بگیرێت، بۆیە ئەوان ئاگاداری ئەو ھەڕەشانەن و قسەشیان کردووە و چاودێرییشی دەکەن".



مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان،رای گەیاند، لە ھەموو بارودۆخێکدا کۆبوونەوە کارێکی باشە، بەتایبەتی بۆ چارەسەریی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی و یەکھەڵوێستی بێت لەگەڵ ھێزە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان کە ئێستا کۆبوونەوە و دەستپێشخەری بۆ چارەسەریی دۆخی سیاسیی کوردستانیش لەئارادایە، گوتیشی" "لەم قۆناغەدا باشە کە ھەوڵی بەھێزکردنی رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی بدەین و لەگەڵ قۆناغی ئێستا بیگونجێنین و چارەسەر بۆ قەیرانە سەختەکان بدۆزینەوە".



لەبارەی دۆخی چەمچەماڵ و ھەڕەشەکانی ئەو گرووپەی سەر بە گۆڕان، ئاماژەی بەوە دا، ھەر کەسێک کاری خراپ بکات، دەبێت تەحەموولی بەرپرسیاریەتیش بکات.



ھاوکات، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، یەکێتی باڵ و ئاراستەی جیاوازی نییە تا کۆبوونەوەیان زەحمەت بێت، بەڵکو ئەوەی ھەیە رای جیاوازە، رای جیاوازیش ھەموو کات لەناو یەکێتیدا ھەبووە، گوتی: "ئاگاداری ئەوە نیم ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت، بە ھۆکاری ئەوەی لە سەفەر بووم، لە ئەجێندای کۆبوونەوەیەکی وەھا ئاگادار نەکراومەتەوە".



بەڵام شۆڕش حاجی، وتەبێژی فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕان رای گەیاند، ھەر کەسێک ئەندامی جڤاتی نیشتمانی یان ھەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان بێت یان ھەر پلە و پۆستێکی ھەبێت لە بزووتنەوەی گۆڕاندا، ھەر قسەیەک بکات لە چوارچێوەی سیاسەتی گۆڕان بڕواتە دەرەوە بە ھیچ شێوەیەک تەمسیلی رای گۆڕان ناکات.



گوتیشی: "ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە چەمچەماڵ لە لایەن گۆڕانەوە چەند جارێک بانگ کراوە و ئاگادار کراوەتەوە کە نابێت ھیچ ھەنگاوێک بھاوێت یان لێدوانێک بدات کە لە چوارچێوەی سیاسەتی گۆڕاندا نەبێت، ئەگەر نا ئەوە ئێمە تەحەمولی مەسئولییەتی ناکەین، بەڵام ئەو گوتوویەتی کە لەدەرەوەی چوارچێوەی سیاسەتی بزووتنەوەی گۆڕاندا ھەنگاو و قسەی نابێ".



جێی باسە، لە ڕۆژی ٣\١\٢٠١٧، ئامانج جەباری، قایمقامی چەمچەماڵ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا (گرووپێکی ناو بزووتنەوەی گۆڕان)ی بە ھێرشکردنە سەر وێستگەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبا لە سنوورەکە بە چەکی (ئاڕ پی جی) تۆمەتبار کرد، ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتر بەرپرسی مەکۆی چەمچەماڵی بزووتنەوەکە، ھەڕەشەی ھێرشکردنە سەر سەرچاوەکانی وزەی لە سنووری چەمچەماڵ کردبوو.



ئامانج محەمەد، داوای لە یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان کرد، سنوورێک بۆ ئەو گرووپە لەم سنوورەدا دابنێن، کە خەریکی دروستکردنی ئاڵۆزین.










باسنیوز
Top