فرسەت سۆفی: پرۆسەی چاکسازی دەکرێتە سەرتاسەری؛ حکوومەت لیژنەی بۆ پێکدەهێنێ
ئەندامی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان (فرسەت سۆفی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، بڕیارە لە ١٦ی ئەم مانگەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێوەست بە پرۆسەی چاکسازی کۆ ببێتەوە و، تێیدا لیژنەیەکی باڵا دروست بکات بۆ دانانی میکانزمێک لەبارەی جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەی چاکسازی خستبوویە ڕوو، بڕیاریشە لە مانگی دوودا ئەنجامی ئەو چاکسازییانەی کراون رابگەیندرێت.
دەشڵێ، پێویستە هەموو دەزگاکان هەماهەنگییان هەبێ بۆ ئەوەی پرۆسەی چاکسازی خێراتر بکرێ و سێکتەرەکانیش دیاری بکرێن، تا بزانرێ چی پێویستە بۆ زەویوزار و دەرمان و نەوت و پێشمەرگە بکرێت، بۆیە هەموو ئەوانەی کە لە کۆبوونەوەی رابردوو لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان راسپێردران، دەبێ بیرۆکەی خۆیان ئامادە بکەن و دواتر بکرێ بە یەک پاکێج تا ببێتە پلانی هەموو دامەزراوەکان.
(فرسەت سۆفی) ئاماژەیشی دا، هەوڵی جیددی هەیە بۆ چاکسازی و ئەنجامەکەیشی دیار دەبێ کە چی کراوە، بەردەوامیش کار لە پرۆسەکە دەکرێ.
روونیشی کردەوە، لە کۆبوونەوەی رابردوودا کە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ساز درا، ئەوەیش خرایە ڕوو کە نابێ تەنیا پرۆسەی چاکسازی لە هەولێر و دهۆکدا ئەنجام بدرێ، بەڵکو دەبێ سەرتاسەری بێ و لە سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجەش بێت، ههڵبهت جێگری سەرۆکوەزیران (قوباد تاڵەبانی) خۆیشی ئامادە بوو کە ئەمە باس کرا، چونکە ئێستا پرۆسەکە تەنیا لە هەولێر و دهۆکدا دەستی پێکردووە و پێویستە پرۆسەکە سەرتاسەری بێت.
kdp-
