ورمێ.. 20 کرێکاری لەسەر کار دەرکران
بەپێی هەواڵی ئاژانسی ی کوردپا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، خاوەنکاری شیرکەتی ئۆروومی گەوهەر دانەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، لانیکەم 20 کرێکاری کوردی لەکار بێکار کرد.
ئەو کرێکارانە لەلایەن شیرکەتی "ئۆرووم دانە" لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵدا بە شێوەی گرێبەست لەو شیرکەتە دامەزرابوون.
بەپێی هەمان سەرچاوە کرێکارە دەرکراوەکان خەڵکی شارەکانی بۆکان و سایین قەڵان و هەموویان کوردن.
لە کاتی پاکانە حسێبی کرێکارەکان، لەلایەن خاوەنکاری شێرکەتی ئۆرووم دانەوە هەڕەشەیان لێکراوە کە لە ئەگەری تۆمارکردنی سکاڵادا، ساڵی داهاتوو، ئیزنی دامەزراندیان لەو شیرکەتە پێ نادرێت.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە؛ ئەو ژمارە کرێکارە دەرکراوە کوردە "لە دڵنیایی کار بێبەش بوون".
کرێکارانی وەرزی لە کوردستان لەلایەن خاوەنکارەکانەوە لە ڕاستای وەچنگ خستنی قازانجی زۆر، لەلایەن خاوەنکارەوە تووشی سووکایەتی دەبن و بەگشتی هیچکام لە یاساکانی کار کرێکاران ناگرێتەوە.
پێشتر، سەید عەزیز حوسێنی بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیا لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕاگەیەنەکاندا گوتبووی؛ "تەواوی چالاکییەکان لەڕاستای ئابووری خۆڕاگری دەبێت و نزیکەی 200 هەتا 300 کەس بە شێوەی ڕاستەوخۆ خەریکی کار کردنن.
شیرکەتی گەوهەر دانە بە یەکێک لە لقەکانی گرووپی بەرهەمهێنانی"سیدان سەوزی حوسێنی" بە ئەژمار دێت، کە لە بواری بەرهەمهێنانی پیشەی کێڵگەی پەلەوەر و کشتوکاڵی خەریکی کار و چالاکین و ئەو شیرکەتە لەژێر چاوەدێریی سوپای ورمێ دایە.
ئەو شیرکەتە لە شارەکانی سایین قەڵا، میاندووئاو و بۆکان نوێنەرایەتی هەیە و نووسینگەی سەرەکیی ئەو شێرکەتە لە شاری میاندووئاوە.
باسنيوز
