وەزیری بەرگریی هۆڵەندا دێتە كوردستان
ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 8-1-2017، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و شەوی رابردوو لە پایتەختی عێراق مایەوە، بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە دەگاتە هەولێر.
لە سەردانەكەیدا ژانین هێنیس لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە، ژمارەیەك وەزیر و بەرپرسی باڵای حیزبیش بەشداری لە كۆبوونەوەكان دەكەن.
ژانین هێنیس كە تەمەنی 43 ساڵە و لە ساڵی 2012ـەوە وەزیری بەرگریی وڵاتەكەیەتی، دووەمجارە سەردانی بەغدا و كوردستان بكات، لە مانگی مایسی 2015 دا سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ هاوتا عێراقییەكەی شەڕی دژی داعشیان تاوتوێكرد، پاشان هاتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ بارزانی كۆبووەوە.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 2-1-2017، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆكی فەرەنسا و شاندێكی یاوەری بە سەردانێكی فەرمی گەیشتنە شاری بەغدا، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ هەریەك لە فوئاد مەعسووم و حەیدەر عەبادی و سەلیم جبووری، سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە رێوڕەسمێكی فەرمیی و پرۆتۆكۆڵیدا لەلایەن مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندێكی باڵا پێشوازی لێكرا.
بەهەمانشێوە رۆژی شەممە 7-1-2017، بیناڵی یڵدرم بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، فوئاد مەعسووم، سەرۆككۆمار و دواتریش لەگەڵ سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمان كۆبووەوە، كاژێر 12:00 ی شەویش گەیشتە هەولێر.
رۆژی یەكشەممە سەرەتا بیناڵی یڵدرم و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە بەشداری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران و ژمارەیەك وەزیری هەردوو حكومەت كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا، پاشان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
رووداو
