"پەکەکە دەیەوێت بەرەی جەنگ لەناو کوردستان بکاتەوە"

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نایەوێت شنگال چۆڵ بکات و بە مانەوەشی، بەرەیەکی جەنگ لەناو کوردستاندا دەکرێتەوە.



ماجید شنگالی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیاند: “چەندین ڕێکخراو و دەستەی جیهانی لەبواری مافی مرۆڤ و ئاوەدانکردنەوەی شارەکان، دەیانەوێت بێنە شنگال و ئەو شارە ئاوەدان بکەنەوە، بەڵام بەهۆی دەستوەردانی بەردەوامی پەکەکە لە شارەکە، ئەو ڕێکخراوانە نایانەوێت کارەکەیان بکەن، چونکە کاری ئەوان لە شوێنێکە کە ئارامیی سیاسی و ئەمنی تێدا بێت”.



بە بڕوای ماجید شنگالی، ئەوەی پەکەکە دەیکات، جۆرێکە لە کردنەوەی بەرەی جەنگ لەناو کوردستان، گوتیشی: “گوێ بە ئیدارەی شارەکە و حکوومەت و هاوپەیمانان و خەڵک ناکەن، ئەمە ناوی چی لێ دەنرێت؟ پەکەکە نیازی نییە شنگال چۆڵ بکات، تا ئەو کاتەی بەغدا گڵۆپی سووری بۆ دادەگرسێنێت، چونکە وادەزانێت بە مانەوەی لەوێ، دەتوانێت پێگەی خۆی بەهێز بکات، بەڵام دواجار دەبێت پەکەکە مل بۆ داوای لایەنەکان شل بکات و شنگال چۆڵ بکات".



ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە بەشێکی زۆری ئاوارەکان لە کەمپەکاندان، ناتوانن بۆ زێدی خۆیان بگەڕێنەوە، “لە نەگەڕانەوەشیان پەکەکە بەرپرسیارە”.




باسنیوز
Top