جهودهت نەجاڕ: تورکیا گەیشتووەتە ئهو باوەڕهی کە لە ناوچەکەدا کورد باشترین دۆستە
(جەودەت نەجاڕ) نوێنەری تورکمان لە پەرلەمانی کوردستاندا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، ''ئەگەر بێت و ئێمە بگەڕێینەوە بۆ دواوە دهبینین كە هەرێمی كوردستان خۆی گەیاندووەتە ئاستێكی نێودەوڵەتی، مامەڵەی وڵاتان لەگەڵ كوردستان وەك دەوڵەتە نەك هەرێمێك، ئەوەیش ئەوە دەگەیهنێت كە هەرێمی كوردستان لەژێر سەركردەیەكی باش و یەكگرتوو، كە ئەویش (سەرۆك بارزانی)ـیە خۆی بگەیهنێتە ئەو ئاستە، كە هێزی پێشمەرگە لەژێر یەك ئاڵا و بەبێ جیاوازی شەڕی تیرۆر بكات، ئەمەیش خۆی لە خۆیدا شتێكی زۆر گەورەیە، كە سەرۆكی هەرێم وەك سەرۆكێكی یەكگرتوو كاری كردووە.''
گوتیشی: ''وڵاتانی جیهان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە كە مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا وەك دەوڵەتە نەك هەرێمێك و، هەموو بنەمایەكی دەوڵەتبوونی تێدایە و سەرۆكێكی بەهێزیشی هەیە، كە رۆژ بۆ رۆژ پەیوەندییەكانی خۆ لەگەڵ وڵاتانی جیهان بەهێز دەكات. خۆشبەختانە ئێستا كە سەیری ئەوە دەكەین، بەراوردێك لەگەڵ سیاسەتی عێراق و كوردستان هەیە، كوردستان قەناعەتی بەو وڵاتانە هێناوە كە دەتوانێت پێوەندییەكانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی جیهان بەهێز بكات و پێوەندییەكی درێژخایەنی هەبێت، بۆیە زڵهێزەكانی جیهان روو لە هەرێم دەكەن، پێش ماوەیەك سەرۆكی فەڕەنسا هات، ئەمڕۆ سەرۆكوەزیرانی توركیا، پێشتریش سەرۆكوەزیرانی وڵاتانی دیكە هاتبوونە هەرێم، كە گفتوگۆ لەسەر هەرێم دەكەن، ئەوا ڕاستگۆیی هەرێم پیشان دەدات، بڕوایان بەوە هەیە كە ئەو وڵاتە پێویستی بە گۆڕانكاری هەیە، باشترینیان ئەویش كوردە، ئەو وڵاتانە دەیانەوێت دۆستێكی باش و درێژخایەن پەیدا بكەن، ئەویش هەرێمی كوردستانە، بڕوایان بەوە نییە عێراق بۆیان دۆستێکی باش بێ.
زیاتر دەڵێ: ''لەو بڕوایەدام زۆر لە وڵاتانی دیكە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە كە چی دیكە عێراق بە یەكگرتوویی نامێنێتەوە، بۆیە كوردستان ئەمڕۆ دەرفەتێكی زۆر باشی بۆ هاتووەتە پێش، سەرۆكێكی زۆر باشی هەیە، كە هەموو جیهان ڕێزی لێ دەگرن، بۆیە من ئەوە دەڵێم هاتنی سەرۆكوەزیرانی توركیا بۆ هەرێم جیاوازە لەگەڵ هاتنی سەرۆك و سەركردەكانی دیكەی وڵاتان بۆ هەرێم، چونكە توركیا تا پێش ماوەیەك باوەڕی بەوە نەبوو كە كیانێكی كوردی لەناوچەكە هەیە، بەڵام ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئەو بڕوایە و سیاسەتی ئەوان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە كە باشترین دۆست بۆ توركیا، كوردە، بۆیە ئایندەیەكی باش و گەش چاوەڕوانی هەرێم دەكات و كوردستان بە مافەكانی خۆی دەگات.''
kdp-
