ئاگادارییه‌ك له حكوومه‌ته‌وه بۆ ئه‌وانه‌ى كه‌سوكاریان له ئێران زیندانى كراوه
به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، به‌مه‌به‌ستى كارئاسانى بۆ گواستنه‌وه‌ى كه‌یسى به‌ندكراوانیان، داوا له‌و هاووڵاتیانه ده‌كه‌ین كه كه‌سوكاریان له وڵاتى ئێران به‌ند كراوه سه‌ردانیان بكه‌ن بۆ ناو تۆمار كردنی كه‌سه گیراوه‌كانیان.
هه‌مزه مه‌غدید، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به (باس‌نیوز) ى راگه‌یاند :" ماوه‌ى 2 ساڵه رێككه‌وتنێكمان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامى ئێران هه‌یه به‌وه‌ى كه هه‌ر هاووڵاتیه‌ك هه‌رلایه‌كمان لاى ئه‌وى دیكه ده‌ستگیر كرا دواى دادگاییكردنى و بڕینه‌وه‌ى سزاكه‌ى، بتوانێت بگوازرێته‌وه وڵاتى خۆى و ماوه‌ى زیندانییه‌كه‌ى له‌وێ ته‌واو بكات".
گوتیشى :" له‌و ڕووه‌وه له ساڵى 2015 پڕۆسه‌ى یه‌كه‌مى ئاڵوگۆڕى زیندانیان له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و ئێران ئه‌نجام درا كه ئێمه 94 زیندانییمان ڕه‌وانه‌ى ئێران كرده‌وه و ئه‌وانیش 5 زیندانى خه‌ڵكى هه‌رێم كه له ئێران گیرابوون ڕاده‌ستی ئێمه‌یان كرده‌وه".
هێماى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، كه "له ئێستادا 19 زیندانى دیكه‌ى ئێرانى كه له هه‌رێم به‌ندكراون ئاماده‌ن بۆ راده‌ستكردنه‌وه‌یان به ئێران و ئه‌وانیش ژماره‌یه‌ك زیندانیكراوى هه‌رێمیان لایه و ڕاده‌ستى ئێمه‌یان ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام ژماره‌یان دیار نییه چه‌ندن".
ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، كه دواى ئه‌وه‌ى هه‌ستیان كردووه ئه‌و هاووڵاتیانه‌ى له ئێران ده‌گیرێن، كاروبارى گواستنه‌وه‌یان له‌سه‌ر كه‌سوكاریان قورس ده‌كه‌وێت، بۆیه بڕیاریانداوه هاوكارییان بكه‌ن، له‌و ڕووه‌وه كه‌سوكارى ئه‌و هاووڵاتیانه ده‌توانن داواكارییان پێشكه‌ش بكه‌ن و ناوی گیراوه‌كانیان تۆمار بكه‌ن، گوتیشی :" ئێمه خۆمان ته‌واوى كاره‌كه‌یان بۆ ئه‌نجام ده‌ده‌ین و ده‌یانهێنینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى له به‌ندیخانه‌كانى هه‌رێم ماوه‌ى سزادانیان ته‌واو بكه‌ن".
به‌پێى بڕگه‌یه‌كى ئه‌و ریككه‌وتنه، هه‌ر هاوڵواتیه‌ك ماوه‌ى یاسایى له به‌ندیخانه ته‌واو كرد، جارێكى دیكه ناتوانێت سه‌ردانى ئه‌و وڵاته بكاته‌وه كه لێى گیرابوو.
bas news-
