دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامە لە دروستکردنی کەمپی و ھاوکاریکردنی ئاوارەکان
ئەمڕۆ یەکشەممە 8/1/2017 دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەوڵەتی ئیمارات، بە مەبەستی زیاتر بەھاناچوونی ئاوارەکان، لە ھەڵمەتێکی خێرخوازیدا جلوبەرگ و بێشکەی منداڵانیان بۆ ٢٠٠ خێزانی کەمپی حەسەنشام دابین کرد.
ھەروەھا ھەر ئەمڕۆ، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە ھەماھەنگی UNHCR و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، کەلوپەلی خاوێنکەرەوە، دۆشەک، بەتانی و حەسیری بۆ ٥٤٣ خێزانی نیشتەجێی کەمپەکانی دیبەگە دابین کرد.
ھەرلەھەمان ڕۆژدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە ھاوکاری NRCی سویدی لە ھەڵمەتێکی دیکەدا پێداویستییەکانی سەتڵی ئاو و خاوێنکەرەوە، بەسەر ٥٧ خێزانی نیشتەجێی کەمپەکانی دیبەگەدا دابەش کرد.
ژمارەی ئاوارەکان لەکەمپەکانی دیبەگەدا لەگەڵ درێژتربوونەوەی شەڕی مووسڵ، لە زیادبووندایە و بەردەوام ئاوارەی نوێ ڕوو لەکەمپەکانی دیبەگە دەکەن و بۆ ئەم مەبەستەش کەمپی نوێ لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە دروست دەکرێت.
ھاوکات ئەمڕۆ، ٧٢ خێزان و ٣٩٢ کەس لە ئاوارەی مووسڵ، ڕوویان لە کەمپی نێرگزلی کرد، کە لەلایەن تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە خواردنی گەرم و ئاویان پێشکەش کرا.
تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام بە ھانای ئاوارەکانەوە ڕۆیشتوون و ھەر لەسەرەتای ئاوارەبوونیانەوە ھەتا کاتی گەڕانەوەیان بۆ ناو ماڵ و ژیانی خۆیان ھاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ ئەو کەسانە بەردەوام دەبێت.
bas news-
