نێچیرڤان بارزانی و بینالی یڵدرم داكۆكی لە فراوانكردنی پەیوەندییەكانی هەولێر و ئەنقەرە دەكەنەوە

نێچیرڤان بارزانی و بینالی یڵدرم داكۆكی لە فراوانكردنی پەیوەندییەكانی هەولێر و ئەنقەرە دەكەنەوە
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بینالی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا و شاندێكی یاروەری كرد كە لە ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی باڵای كۆماری توركیا پێكهاتبوو.



لە كۆبوونەوەیەكدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم تێیدا بەشدار بوون، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەربڕی و جەختیان لە بەردەوامیی ڕاوێژ و دیدار و كۆبوونەوەی بەردەوام لە نێوان كۆماری توركیا و عێراقی فیدرال بەگشتی و توركیا و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، كردەوە.



شاندەكە هەروەها باسیان لەو پرسانەش كرد كە جێگەی بایەخی هەردوولان وەك شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و پاراستنی ئاسایشی هەردوولا، هەروەها بۆچوونی خۆیان دەربارەی دوا پێشهاتەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكرنەوەی مووسڵ لە تیرۆرستانی داعش و نیگەرانییەكانیان لەبارەی بوونی هێزێكی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە لە ناوچەی شەنگال، خستە ڕوو.



دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیاش، هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە پەیوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا فراوانتر بكرێن و تەواوی ئەو بەربەستانەش لاببرێن كە دەبنە ڕێگر لەبەردەم فراوانبوونی پەیوەندییەكاندا.



لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان جیا لە بەخێرهێنانی سەرۆك وەزیرانی توركیا و شاندی یاوەری، ئاشكرای كرد كە سەردانەكە لە كاتێكی گونجاودا ئەنجام درا بەتایبەتی كە دوو وێستگەی بەغدا و هەولێری لەخۆ گرتبوو. سوپاسی توركیاشی كرد كە لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆڵیان هەبوو لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان لە ڕووی مرۆیی و چارەسەركردنی پێشمەرگە بریندارەكانەوە.



هیواشی خواست پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە هەموو بوارەكاندا زیاتر فراوان بكرێن و توركیاش كە لە بواری تەندروستیدا ڕیفۆرمی ئەنجام داوە و لە هەمان كاتدا حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش پرۆسەیەكی ڕیفۆرمی لە بوارە جیاوازەكاندا بەدەستەوەیە، دەكرێت سوود لە پسپۆڕی و شارەزاییی توركیا لە ڕیفۆرمی تەندروستیدا وەربگرێت.



پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە بواری پەروەردە و خوێندن و سوودوەرگرتن لە سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵای توركیا و چالاككردنەوەی ئەو لێژنەیەی پێشتر بۆ بەرەوپێشەوەبردنی پەیوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا پێكهێنرابوو، هەروەها برەودان و بەردەوامیی بە هاوكاری لە بواری وزەدا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.


payamner-
Top