بارزانی: ئامادەین پەرە بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا بدەین
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا، رایگەیاند، سەردانی یڵدرم بۆ هەرێمی کوردستان پشتیوانیی ئەنقەرەیە بۆ هەولێر و سوپاسی دەوڵەت و گەلی تورکیاشی کرد بۆ ”ھەموو ئەو ئاسانکاری و پشتیوانییەی لە ھەرێمی کوردستانتان کردووە“.
مەسعود بارزانی هەروەها رایگەیاند، کە هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی دەردی تیرۆر بوون و رووبەڕوو بوونەوەشی، ”پێویستیی بە هاوکاریی و هەماهەنگیی هەم،ەلایەنە هەیە“.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی دەربڕی بۆ پەرەپێدان بە هاوکاریی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی تورکیا و هیواشی خواست تیرۆر لە هەرێمی کوردستان، تورکیا و هەموو وڵاتانی دیکە بنبڕ بکرێت.
هەروەها بیناڵی یڵدرم لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا دڵخۆشیی خۆی بە سەردانەکەی بۆ هەولێر دەربڕی و رایگەیاند، ”سەردانەکەی بارزانی لە 23ـی ئاب لە دوای کودەتا شکستخواردووەکە بۆ تورکیا، زۆر گرنگ بوو“ و بۆ ئەمەش سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد.
بیناڵی یڵدرم پێیوابوو پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر دوو بنەمایە، کە یەکەم شەڕی دژی تیرۆرە، دووەمیش پەیوەندیی ئابووریی و وەبەرهێنانە و ”دەکرێت زیاتر کاری لەسەر بکەین“.
سەرۆک وەزیرانی تورکیا جەختی لە دژایەتیی وڵاتەکەی بۆ بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گیولەن، رێکخراوی توندڕەوی داعش و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دووپات کردەوە و رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ بە بەشداریی هیزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و هێزە عێراقییەکسن ”بە شێوەیەکی چالاکانە بەڕێوە دەچێت“.
یڵدرم سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد، لەبەرامبەر پێشوازیکردنی ئەو ئاوارانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا پەنایان بۆ کوردستان هێناوە.
سەرۆک وەزیرانی تورکیا لەبارەی پرسی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕای گەیاند: ”کارەکانی ئێمە لەبەرامبەر پەکەکە بەردەوامە، ئەو چالاکییانەی پەکەکە لێرە لە دژی وڵاتی ئێمە دەیکەن، بەهیچ شێوەیەک قەبووڵ ناکرێت. لێرەدا چی پێویست بێت، تا کۆتایی ئەنجام دەدرێت. ئەو ڕێکخراوە و بەربڵاوبوونی بەرەو ڕۆژئاوای ناوچەی شنگال لەلایەن ئێمەوە قەبووڵ ناکرێت، ئەوە کێشەیەکی ئەمنییە. بە تەنیا کێشەی تورکیا نییە، لە هەمان کاتدا کێشەی ئەمنیی عێراق و سووریا و ناوچەکانی دیکەشە“.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان هیچ جارێک ڕەزامەندییان لەسەر ئەو واقیعە نیشان نەداوە کە پەیەدە دروستی کردووە و گوتی: ”دەیانەوێت پێشمەرگە و عەرەبەکانی ئێرە دەربکەن. ئەوان سەرچاوەکەیان پەکەکەیە و بەهیچ شێوەیەک ناتوانن ناوەکەیان بگۆڕن، پەکەکە واتە یەپەگە و پەیەدە. بۆ هەر کردەوەیەک ناوێک دروست دەکەن، بەڵام ئێمە باوەڕ بەوە ناکەین“.
سەرۆک وەزیرانی تورکیا، لەبارەی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند: ”لە بواری ئابووری، وەزیری پەیوەندیداری ئێمە کاری لەبارەوە دەکەن. بڕیارە لێژنەیەک پێکبهێندرێت، بۆیە لوتکەیەک لە هەولێر ئەنجام دەدرێت، بۆ پەرەپێدانی بازرگانی و چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان، ئەوەی پێویست بێت ئەنجام دەدرێت. لە بواری تەندروستیش کاری هاوبەش زیاتر پەرەی پێ دەدرێت، هەرچەندە ئێستا لە بواری چارەسەرکردنی نەخۆش، هاوکاریی پێویست هەیە. لە بواری وزە و گواستنەوەدا دەکرێت کار بکرێت“.
لە کۆتاییشدا بۆ داخستنی قوتابخانەکانی سەر بە کۆمەڵەی فەتحوڵا گولەنی، سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد و ئاماژەی بەوە کرد: ”بەهیچ شێوەیەک نابێت قوتابییان زەرەر بکەن، بەڵام دەبێت عەقڵیەتی پەروەردەکاران چارەسەر بکرێت. لەمبارەیەوە وەزیری پەیوەندیداری ئێمە کاری خۆی دەکات“.
باسنيوز
