کۆماری ئیسلامیی ئێران کارەبا لەسەر ناوچەیەکی کوردستان دەبڕێت
سامی جیھان، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای خانەقین، ڕاگەیاند: "بەھۆی ئەو قەرزە زۆرەی حکوومەتی عێراق لە بەرامبەر ڕاکێشانی کارەبا لە ئێرانەوە لەسەری کەڵەکە بووە، 5 ھێڵی ناردنی کارەبا بۆ عێراق دەبڕێت کە ڕێژەی ئەو قەرزەی لەسەر وەزارەتی کارەبای عێراقە، دەگاتە 1 ملیار دۆلارە".
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە حکوومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕێککەوتنێکی 10 ساڵەیان بۆ ناردنی کارەبا لە ئێرانەوە بۆ عێراق واژۆ کردووە، بەپێی ڕێککەوتنەکە، 1200 مێگاوات کارەبا لە چرکەیەکدا دەنێردرێت کە لەو بڕەدا، 80 تا 100 مێگاواتی بە خانەقین دەدرێت.
بە گوتەی بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای خانەقین، ئێستا لەلایەن پارێزگاری دیالەوە، بڕی 30 مێگاوات کارەبا بۆ خانەقین دابین کراوە، بەڵام پێویستییەکانی هاووڵاتییانی شارەکە پڕ ناکاتەوە.
لەبارەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بڕینی کارەبای خانەقین، سامی جیهان گوت: "هەرچەندە بەغدا ئاگادارە، بەڵام بەغدا ئەگەر بۆی بکرێت کارەبای خانەقین بە تەواوی دەبڕێت".
باسنیوز
