بارزانی: پێویستە ھەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی بۆ ڕای گشتی ڕوون بکرێتەوە
ئەمڕۆ شەممە، لە سەلاحەدین، بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی بۆ بەدواداچوونی پڕۆسەکانی چاکسازی، کرد.
ئەمڕۆ شەممە، 7/1/2016 بە سەرپەرشتی بارزانی، کۆبونەوەیەک فراوانی بۆ بەدواداچوونی پڕۆسەکانی چاکسازی کرد، کە بە بەشداری ھەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، حاکم جەواد فەتاح ئاغا، سەرۆکی داواکاری گشتی، حاکم بەنگین، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری بە وەکالەت و خالید ھادی چاوشلی سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی، بەڕێوەچوو.
بارزانی ئامانجی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو کە بۆ ھەڵسەنگاندنی پڕۆسەکانی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دروستکردنی ھەماھەنگیی زیاتری سەرجەم دامەزراوەکان و دەستنیشانکردنی میکانیزمی بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ھەنگاوە پێویستەکانە.
لەوبارەیەوە بارزانی، ڕایگەیاند: "ڕاستە پڕۆسەکە دەست پێکراوە، بەڵام پێویستە ھەماھەنگی زیاتر ھەبێت و ڕوونکردنەوە و ئاگادارکردنەوەی بەردەوام لەبارەی ھەنگاوەکانی پڕۆسەکەوە بۆ ڕای گشتی ھەبێت".
ھەروەھا بارزانی، داوای لە ئامادەبووان کرد سەرنجەکانی خۆیان لەبارەی ھەنگاوەکانی ئەو پرۆسەیەوە بخەنەڕوو.
لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سوپاسی بارزانی، بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ئەو کۆبوونەوەیە کرد و ڕایگەیاند کە لەبەر ڕۆشنایی ڕاسپاردە و بڕیارەکانی بارزانی، لە ١٠/٢/٢٠١٦، لە وەزارەتی دارایی و پێداچوونەوە بە ڕوونیی داھاتەکانی نەوت، چەندین ھەنگاوی چاکسازی گیراونەتەبەر و پڕۆسەکانیش لەبەر ڕۆشنایی بڕیارەکانی بارزانی بەردەوامن.
دواتر لەلایەن جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ڕوونکردنەوەی پێویست لەبارەی ھەنگاوەکان و بەربەستەکان و بەرنامەی کاری حکوومەت خرایەڕوو، دواتریش بەرپرسی دامەزراوەپەیوەندیدارەکان ڕاپۆرتی زارەکییان لەبارەی ھەنگاوەکانی ئەو دەزگایانە لەچوارچێوەی پڕۆسەکانی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی خستەڕوو و قسە لەسەر ئەوە کرا کە لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە "ڕەشنووسی ستراتیژی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی" لە قۆناخی کۆتاییدایە کە تیایدا نەخشەڕێی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە ماوەی پێنج ساڵی داھاتوودا دەستنیشان کراوە.
لە کۆبوونەوەکەدا لەلایەن ئامادەبووانەوە بە بایەخەوە قسە لەسەر ئەوە کرا کە ئەو پڕۆسەیە نیشتمانی و سەرتاسەری و پێکەوەیی و ھاوبەشە و پەیوەستە بەھەموو لایەکەوە و پڕۆسەیەکی تۆڵەستاندن نییە، بەپێی یاسا و دادپەروەری مامەڵە لەگەڵ بابەتەکان دەکرێت و پێویستی بە ھاوکاری و میدیا و پشتگیریی سیاسیی ھەموو لایەنەکان ھەیە.
ھاوکات جەختیش لەوە کرایەوە کە پڕۆسەکە، پڕۆسەیەکی بەردەوامە و نابێ ھیچ کەس و لایەنێک لەژێر ھیچ ناونیشانێک کۆسپ و لەمپەر لەبەردەم پڕۆسەکە دروست بکات.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا کە ڕۆژی دووشەممە ١٦/١/٢٠١٧ لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆبوونەوەی فراوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەری سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و ئەو دەزگا پەیوەندیدارانەی لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدارن، بەڕێوە بچێت و تا ڕێوشوێنی پراکتیکی بگیرێتەبەر و ھەر دەزگایەک نەخشەڕێ و میکانیزمێک پێشنیار بکات، بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی لیژنەیەکی باڵای ھەماھەنگیدا بۆ بەدواداچوونی سەرجەم پڕۆسەکانی چاکسازی، جێبەجێ بکرێن.
bas news-
