یانەی هەولێر دادەبەزێتە ڕیزی یانە پلە یەکەکانی عێراق

یانەی هەولێر دادەبەزێتە ڕیزی یانە پلە یەکەکانی عێراق
یانەی هەولێر بەهۆی سووربوونی لەسەر کشانەوەی لە خولی نایابی عێراق، بەپێی ڕێنماییەکانی لێژنەی پێشبڕکێیەکانی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دادەبەزێتە ڕیزی یانە پلە یەکەکانی عێراق.


عەبدولخاڵق مەسعوود، سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە لێدوانێکیدا بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، "بەپێی ڕێنماییەکانی لێژنەی پێشبڕکێیەکانی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، هەر یانەیەک لە قۆناخی یەکەم ئامادەی یارییەک نەبێت ئەنجامی سەرجەم یارییەکانی دیکەی بە دۆڕاو هەژمار دەکرێت و دادەبەزێتە ریزی یانە پلە یەکەکان".


سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، ئەوەشی بۆ کوردستان24 گوت: "یانەی هەولێر بەفەرمی داوای لە فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کردووە ئەم وەرزە لە سەرجەم یارییەکان ببەخشرێت و وەرزی داهاتوو بتوانێت جارێکی دیکە بەشداریی یارییەکانی خولی نایابی عێراق بکاتەوە، بەڵام بەپێی ڕێنماییەکانی خولەکە یانەکە دادەبزێتە ریزی یانە پلە یەکەکان، چونکە یانەکە دووشەممە ئامادەی یاریی داهاتووی نابێت، بەمەش یانەی هەولێر بەفەرمی دادەبەزێتە ریزی یانە پلە یەکەکان و پێویست بە هیچ بڕیارێکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقیش ناکات".


عەبدولخاڵق مەسعوود، دڵگرانی خۆی بە دابەزینی یانەی هەولێر بۆ ریزی یانە پلە یەکەکان ڕاگەیاند و گوتی: "بەهۆی ئەوەی یانەی هەولێر پێشتر چوار جار بووەتە پاڵەوانی خولی نایابی عێراق، دڵگرانین بەم دۆخەی یانەکە".


بڕیاری کشانەوەی یانەی هەولێر لە خولی پلە نایابەکانی عێراق دوای ئەوە دێت، کە لە یاری یانەکەیان بەرامبەر یانەی نەجەف لە گەڕێکی ئەو خولەدا، هاندەرانی یانەی نەجەف هوتافی نەشیاویان بەرامبەر پێشمەرگە و کوردستان بەکارهێنا، فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقیش لە بەرامبەر ئاژاوەگێڕییەکانی هاندەرانی یانەی نەجەف بڕیاری دا یانەکە چوار یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەبێ هاندەر ئەنجام بدات.



bas news-
Top