وەزیرێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: گۆڕانکاری لە سیستەمی مووچەدا دەکرێت

 وەزیرێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: گۆڕانکاری لە سیستەمی مووچەدا دەکرێت
وەزیرێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێی وایە، گۆڕانکاری لە داهاتی هەرێمی کوردستان دێتە ئاراوە و لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە خەریکن بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمی مووچە.

وەزیرێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: “ئێستا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە هەوڵدایە بۆ کۆکردنەوەی داهات و ئەو پارەی لە نەوت دەست دەکەوێت، چونکە قەرزی کۆمپانیاکان لەسەر حکوومەت سووک کراوە”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە: “لە ناو ئەنجومەنی وەزیران، باس لەوە کراوە کە گۆڕانکاری لە سیستەمی مووچەدا دەکرێت بەڵام دیار نییە بۆ مانگی یەک فریادەکەوێت یان بۆ مانگەکانی داهاتوو". گوتیشی: ”ئەمساڵ گۆڕانکاری لە ئابووریی کوردستان ڕوودەدات و باش دەبێت".

پێشتر د. ئاراس خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو کە بەهۆی بەرزبوونەوەی داهاتی هەرێمی کوردستان و کەمبوونەوەی قەرزی کۆمپانیا بیانییەکان، ڕێژەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران کەم دەکرێتەوە و ئەو بڕە پارەیەی وەک مووچە بە فەرمانبەران دەدرێت، زیاد دەبێت.












باسنیوز
Top