دوای تەواوبوونی کاری لێژنەکان مووچەی کەمئەندامان وەکوو خۆی لێ دەکرێتەوە
دلێر کۆیی، ئەندامی لێژنەی پشکنینی کەم ئەندامان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕایگەیاند: "پشکنین بۆ سەرجەم کەمئەندامانی شارەکانی سلێمانی، ھەولێر، ھەڵبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین کراوە، بەڵام پشکنین بۆ کەمئەندامانی دەڤەری سۆران هێشتا بەردەوامە".
ھاوکات ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەگەر پشکنینەکان بکرێت، ئەوا کاری دوو ھەفتەیە، چونکە لە 80% کەمئەندامان پشکنینان بۆ ئەنجام دراوە. ھۆکاری تەواو نەبوونی کاری لێژنەکانیشی خستە ئەستۆی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی تەندرووستی و گوتی: ”ئەو پزیشکانەی پێویستە بۆ پشکنینی کەمئەندامانی دەڤەری سۆران بڕۆن، دەبێت لە ھەولێرەوە بنێردرێت، لەو نێوەندەدا کارەکان وەستاون".
لیژنەکانی پشکنین بۆ کەمئەندامان لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەساڵی 2016دا دەست بەکاربووە، بۆ جیاکردنەوەی کەمئەندامانی ڕاستەقینە لەو کەسانەی کە ڕێژەی کەمئەندامییەکەیان نەگەیشتووەتە ئاستی دیاریکراو.
بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی چاوەڕوانی تەواوبوونی کاری لێژنەکانە، بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆران وەکو خۆی لێبکاتەوە، دوا بە دوای ئەوە، مووچەی کەمئەندامان وەکو پێشتر دەکرێتەوە بە 150 ھەزار دینار بۆ ھەر کەمئەندامێک.
باسنیوز
