هەڵسووڕاوێکی گۆڕان: پارێزگارەکەی گۆڕان گرفتی سووتەمەنی لە سلێمانی چارەسەر کردووە
گوڵستان سەعید، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: "بزووتنەوەی گۆڕان لە ماف و داواکارییەکانی خەڵکی لانەداوە و بەردەوام خۆمان بەنوێنەری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەزانین“. گوتیشی: ”گۆڕان لە حکوومەتی خۆجێیی سلێمانیدا زۆر شتی باشی کردووە، بەو مانایەی ھەموو شتێکی باشی بۆ خەڵکی شاری سلێمانی کردووە، بەتایبەتی کێشەی بەنزین و نەوتی بۆ خەڵکی ئەم شارە چارەسەر کردووە“.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، بزووتنەوەکەی لە سلێمانی ”کەمترین دەسەڵاتی هەیە“، بەڵام پارێزگارەکەیان ”زۆرترین گرفتی شارەکەی چارەسەر کردووە“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی زانیارییەکان، تاوەکوو ئێستا، لە پارێزگای سلێمانیدا، هاوشێوەی ناوەندی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، هیچ بڕە نەوتێک بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش نەکراوە.
باسنیوز
