بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە: مالیكی و هاوشێوەكانی خەیاڵیان خاوه، ئەگەر بیەوێ حەشدی شەعبی لە دژی کوردستان بەکاربهێنێت
ئەنوەری حاجی عوسمان، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: “ماوەیەکە پیلانێک لەلایەن مالیکیەوە هەیە، یەکەم هەوڵەکانی بۆ کشانەوەی پێشمەرگە کە لە ئێرانەوە قسەی لەسەر کردووە، دووەم هەوڵە بەردەوامەکانی لە سنووری هەندێک ناوچەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بۆ دروستکردنی حەشدی شەعبی”.
ڕوونیشی کردەوە: "بەهیچ شێوەیەک ڕێگا بە مالیکی و کەسانی لەو شێوەیە نادرێت، پێشڕەوی بۆ خاکی کوردستان بکەن، مالیکی ناشتوانێت ئەوە بکات کە لە خەیاڵیەتی بەرانبەر بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، چونکە ئەوەی دەیکات، پیلانێکە لەدژی کوردستان".
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەوە کردەوە کە هێزی پێشمەرگە بە بەهێزی بەرگری لە سنووری کوردستان دەکات و خۆی جێگیر دەکات، “ڕێگەش بە هیچ هێز و لایەنێک نادرێت کە بیەوێت فەرمان بەسەر پێشمەرگەدا بکات یان هەڕەشەی کشاندنەوەی لێ بکات”.
باسنیوز
