وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکوومەتی هەرێم دوا ئاگاداریی دایە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن

 وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکوومەتی هەرێم دوا ئاگاداریی دایە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوایین ئاگاداری دەداتە ئەو كەناڵانەی كە مۆڵەتەكانیان تازە نەكردۆتەوە، هەروەها ڕاشیدەگەیەنێت كە ڕێنمایی پێدانەوەی فریكوێنسەكان هەموار دەكەنەوە و چاودێری كەناڵەكان توندتر دەكەن.



فەرهەنگ تاهیر، بەرپرسی نووسینگەی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 300 كەناڵی بینراو و بیستراو هەن كە مۆڵەتەكانیان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری وەرگرتووە و ئێمەش كاری یاسایی و كارگێڕییان بۆ ڕێك دەخەین، بۆ ئەمساڵیش كە دەبوا مۆڵەتەكانیان تازە بكەنەوە، زیاتر لە 100 كەناڵ مۆڵەتیان تازە نەكردووەتەتەوە كە ڕسووماتەكانیان نزیكەی یەك ملیار دینارە.



لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا فەرهەنگ تاهیر گوتی: "لەسەر داوای داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان بەهۆی دەرچوون لە ڕێنماییە ئەمنی و كارگێڕییەكان 5 كەناڵی ڕاگەیاندن مۆڵەتەكانیان هەڵوەشاوەتەوە، ئێستا وەزارەتی ڕۆشبیری بڕیاری داوە هەر كەناڵێك لە ماوەی یەك مانگی داهاتوودا مۆڵەتەكەی تازە نەكاتەوە مۆڵەتەكانیان هەڵدەوەشێنرێتەوە."



هەروەها گوتی: "بەمەبەستی پێداچوونەوە بە كاروباری میدیای بینراو و بیستراو لە هەرێمی كوردستان وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێم بڕیاری داوە ڕێنمایی ژمارە یەكی ساڵی 2013 تایبەت بە چاودێری و چوارچێوەی یاسایی و ئابوونەی ساڵانە، هەموار دەكەینەوە و مەرجەكانی چاودێری توندتر دەكەین."



هەر لە كۆنكگرە ڕۆژنامەنووسییەكەدا بەرپرسی نووسینگەی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێم گوتی: "بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و لەبەرچاوگرتنی هەستی ئایینی و نەتەوەیی، هەندێك ڕێوشوێنمان گرتوونەتەبەر و بەو هۆیەشەوە ئێمە كەناڵێكی ڕاگەیاندنی بینراو و نزیكەی 25 كتێبمان لە بڵاوكردنەوە ڕاگرتووە، چونكە مەبەستیان بڵاوكردنەوەی بیری توندوتیرژی بوو."



باسنیوز
Top