دەزگای خێرخوازیی بارزانی شوێنی حەوانەوەی بۆ 349 خێزانی تازەئاوارەی مووسڵ دابین کرد
ئەمڕۆ ھەینی، 6/1/2017 لە سنووری پارێزگای نەینەوا، ڕۆژانە بە سەدان خێزان ماڵەکانیان بەجێ دەھڵێن و ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، لە کەمپەکانی حەسەن شام و خازردا نیشتەجێ دەکرێن، لەو میانەشدا 200 خێزانی تری گەڕەکەکانی قودس و کەڕامەی ناو شاری مووسڵ، گەیشتنە کەمپی خازر و لەلایەن تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانیەوە، ژەمەخواردنی گەرم و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، وەک بەتانی، دۆشەک و خێوەتیان بەسەردا دابەش کرا.
ھاوکات لە کەمپی نێرگزلی، کە دەکەوێتە سنوری پارێزگای دھۆک و نەینەوا، تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، شەو و ڕۆژ لە پێشوازی ھاتنی ئاوارەی زیاتردان، لەو میانەشدا پێشوازییان لە 149 خێزان و 764 کەسی تر کرد، کە بەھۆی نائارامی ناوچەکانیان شوێنەکانیان بەجێھێشتووە و خۆیان گەیاندوەتە کەمپی نێرگزلی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەستبەجێ ژەمەخواردنی گەرم و پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بەسەردا دابەشکردن.
bas news-
