سیناتۆرێکی باڵاى ئەمەریکا: ترامپ زۆر زیاتر لە ئۆباما پشتیوانیی کورد دەکات
(تێد کروز) سیناتۆری کۆمارییهكان، به کوردستان 24ی راگهیاندووه، بەڕێوەبەرایهتیی نوێی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی (دۆناڵد ترامپ)، سیاسەتێکی جیاواز و باشتری لە (ئۆباما) بەرامبەر کورد دەبێت.
(تێد كروز) دهڵێت: "من زۆر زۆر گەشبینم کە بەڕێوەبەرایهتیی نوێی ئەمەریکا سیاسەتێکی زۆر جیاوازتری دەبێت، سیاسەتێك کە راستەوخۆ پشتیوانی لە کورد و پێشمەرگە بکات، ئەو سیاسەتەی کە (ئۆباما) ئامادەنەبوو بیکات".
لێدوانی ئەو سیاسەتوانە باڵایەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە، کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پێشتر رەخنەیان لە نەناردنی راستەوخۆی چەکی قورس بۆ پێشمەرگە گرتووە، لە چەند مانگی رابردوویش شاندێکی باڵای كورد بە سەرۆکایەتی (مەسروور بارزانی) راوێژكاری ئهنجوومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان، سەردانی واشنتۆنی کرد و لە گەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئێستا و نوێی ئەمەریکا کۆ بووەوە.
(تێد کروز) یهكێك بوو کاندیده دیارهكانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، یەکێکە لە سیاسەتوانە کاریگەرەکانی پارتی کۆماری و خۆشی بە دۆستی کورد دەناسێنێت و دهڵێت: "وەك دەزانن من ماوەیەکی زۆرە پشتیوانی لە گەلی کورد و پێشمەرگە دەکەم، کە ئێستا شەڕی داعش دەکەن، کورد هاوپەیمانی وەفاداری ئەمەریکان و ئەمەریکایش بەردەوام وەفادار دەبێت لە هاوپەیمانییەکەی لە گەڵ کورد".
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا (دۆناڵد ترامپ) کە رۆژی 20ی ئەم مانگە، وهك سهرۆككۆماری ئهمهریكا، دەستبەکار دەبێت، لە چەند لێدوانێکی جیاوازیشدا پشتیوانیی خۆی بۆ گەلی کورد و پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش دەربڕیوە.
pdk-
