ئەدهەم بارزانی: ململانێ سیاسییەکانی سنووری سلێمانی هۆکاری نەبوونی خزمەتگوزارین

 ئەدهەم بارزانی: ململانێ سیاسییەکانی سنووری سلێمانی هۆکاری نەبوونی خزمەتگوزارین
سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتیی كوردستان لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە ڕای گەیاند، ئەوەی لە سلێمانی هەیە، ئەنجامی بارودۆخی سیاسیی شارەکەیە.

ئەدهەم بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتیی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، بە ئاژانسی (ئەنادۆڵو)ی تورکی ڕاگەیاند، “پاش تەواوبوونی شەڕ لە دەڤەری دەشتی نەینەوا، بەتایبەتی گرتنەوەی باشیك، لەو شوێنەدا سەرۆكی هەرێمی کوردستان هاتە سەر خەت و لە گوتارێكدا داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان کرد، کە دەبێت ئێمە ئەم قەیرانە سیاسییەی لە كوردستاندا هەیە، نەهێڵین و بەرەو یەكڕیزی و تەبایی بڕۆین بۆ چارەسەركردنی بابەتە سیاسییەكانی ئەم بەشەی باشووری كوردستان، ئەمەش ئەنجامێكی باشی هەبوو كە لە پاش ئەو گوتارە، كۆمەڵێك دانوستاندن لەنێوان حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەنجامدران، ئومێدەوارین ئەم دانیشتنانە لە داهاتوویەكی نزیكدا بەردەوامی هەبێت تا گەیشتن بە ئامانجەكان كە بۆی دەچن".

ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ئاماژەكان هەموو ئەوەبوون كە لەم دانیشتنەدا تاڕادەیەكی زۆر جیاوازییەك هەبوو لەگەڵ دانیشتنەكان و باسەكانی پێش ئێستا كە لەگەڵ یەكتر دەكران، وەڵامدانەوەیەك هەبووە لەلایەن پارتی و گۆڕانەوە لەگەڵ یەكتر بۆ چارەسەركردن و ئامادەییەك هەبووە بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتانە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە پەراوێزکەوتنی سلێمانی و بارودۆخی شارەکە، ئەدهەم بارزانی ڕای گەیاندووە: “پێم وانییە هۆكارەكە حكوومەتی هەرێمی کوردستان بێت، ئەوە تەحسیڵ حاسڵی وەزعی سیاسیی شاری سلێمانییە، نامەوێت نە كەسێك تۆمەتبار بكەم یان لە بەكارهێنانی ئەم وشەیە جۆرێك لە بێڕێزیی سیاسیم كردبێت، بەڵام ئەوەی كە هەیە و من پێموایە هەر كەسێكی سادە یان گەنجێك لە شەقامێكی سلێمانی لێی بپرسیت بۆ دۆخی ئیداریی ئێرە وایە؟ لەوانەیە ئەو وەڵامە بداتەوە". گوتیشی: ”ئێمە بینیمان لەسەر بوونی پارێزگارێك لەم شارەدا ناوی سێ‌ یان چوار كەس دەهێنرا، كێ‌ پارێزگارە؟ نەمدەزانی، لە ماوەیەكدا ناوی پارێزگاری سلێمانی كێیە و كامیان پارێزگاری ئەم شارەن".

روونيشيكرده‌وه‌، "كاتێك دۆخی ئیداری شارێك دەگاتە ئەم ئاستە ئایا چ پێشبینی دەكرێت؟ ئەوەی كە نەزانێت خۆی پارێزگارە، ئەوەی كە پارێزگار بێت و نەزانێت چەند ماوەی تر لەسەر ئەم كورسیی دەسەڵات وەك پارێزگار دەمێنێتەوە، ئەوەی كە پارێزگارە و كاتێك دادەنرێت و لە ئێوارە تا بەیانی بڕیارێكی تر دەدرێت و كەسێكی تر دەخرێتە شوێنی، یانی كەسێك بەم شێوەیە ناتوانێت ئەركەكانی خۆی بەڕێوە ببات و بەرنامەی هەبێت بۆ داهاتوو، هەندێكجار وای لێهات نامەیەك لەم پارێزگایەوە دەنووسرا بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئیعتیراف بەنامەکە نەدەكرا، لەبەر ئەوەی دەیانگوت ئەم نامەیە بەئیمزای فڵانە و بەشێوەیەكی نایاسایی نامەی نووسیوە، هەموو كەس دەزانێت كێشەكانی ئێرە چی بوون".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو بەرپرسەی پارتی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، لەبارەی هۆكارى لاوازیى خزمه‌تگوزارييه‌كان له‌ سلێمانی، پێیوایە، "پێش ئێستاش ئەم قەیرانە سیاسییانەیلەم سنوورەدا هەبوون، كاریگەرییان كردووەتە سەر بژێویی خەڵك و ژیانی خەڵك و كەمبوونی بابەتە خزمەتگوزارییەكان لە سنوورەكەدا، من زیاتر ململانێ‌ سیاسییەكەی ئەم سنوورە بەهۆكار دەبینم لەسەر نەبوونی كاری خزمەتگوزاری لەم سنوورەدا".













باسنيوز
Top