توركیا: ڕ‌ازى نابین په‌كه‌كه شنگال بكات به قهندیلێكى دیكه
پێش سه‌ردانه چاوهڕوانكراوهكهى سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا بۆ به‌غدا و هه‌ولێر، گوته‌بێژى سه‌رۆكایه‌تى توركیا، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، وڵاته‌كه‌ى ڕ‌ازى نابێت شنگال بكرێته چیاى قهندیلێكى دیكه و داوا له دههڵاتدارانى عێراقیش ده‌كات، ڕێگه به په‌كه‌كه نه‌ده‌ن شه‌ڕى داعش بقۆزێته‌وه.
ئیبراهیم قالن، گوته‌بێژى سه‌رۆكایه‌تى توركیا، بۆ كه‌ناڵى ته‌له‌فزیۆنیی (24 TV)ـى توركی ڕای گه‌یاند : په‌كه‌كه شه‌ڕى داعشى قۆستووه‌ته‌وه و به بیانووى پاراستنى ئێزدییه‌كان، ده‌یه‌وێت شوێنپێی خۆى له شنگال توند بكات، بۆیه پێوسته ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق ئه‌و ڕێگه‌یه‌یان پێنه‌ده‌ن.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، كه بن عه‌لى یه‌ڵدرم، سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا، ڕۆژانى شه‌مه و یه‌كشه‌مه‌ى داهاتوو، سه‌ردانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و له‌و سه‌ردانه‌یدا گفتوگۆى چه‌ندین پرس ده‌كات، له‌نێویشاندا بارودۆخى سه‌ربازگه‌ى باشیك و شه‌ڕى تیرۆر و هه‌روه‌ها بوونى په‌كه‌كه ، ئه‌مه جگه له قۆناغى دواى داعش و دووباره ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى مووسڵ و ته‌لعه‌فه‌ر و شنگال.
سه‌باره‌ت به لێدوانێكى حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، كه ڕایگه‌یاندبوو، ڕێگه ناده‌ن له خاكى عێراقه‌وه هێرش بكرێته سه‌ر توركیا، گوتى : لێدوانێكى زۆر باشه، به‌ڵام توركیا چاوه‌ڕێی ده‌كات به‌غدا و هه‌ولێر ڕێكارى ڕوون و وردتر بگرنه به‌ر كه ئامانجى هه‌بێت.
payamner-
