حکوومەتی عێراق مانگانە 2 ملیار دۆلار لە یەدەگی عێراق خەرج دەکات
حکوومەتی عێراق مانگانە پارەیەکی زۆر لە یەدەگی عێراق خەرج دەکات و هیچ بڕەپارەیەکیش بە هەرێمی کوردستان نادات.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە (باسنیوز) لە بەرپرسێکی کورد لە بەغداوە دەستی کەوتووە، حکوومەتی عێراق مانگانە زیاتر لە 2 ملیار دۆلار لە بڕە یەدەگی عێراق لە بانکی ناوەندی خەرج دەکات، بەبێ ئەوەی بۆ پەرلەمان بگەڕێتەوە و هیچ پشکێکیش بە هەرێمی کوردستان نادات.
هەر لەمبارەیەوە ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لە سەرەتای ساڵی 2016ەوە ئەو بڕەپارە ڕاکێشراوە”. گوتیشی: “ئەگەر داهاتی نەوتەکە بەشی بکردایە، پارەی ڕانەدەکێشا، بەڵام ئەگەر پارەی نەوت بەش نەکات، پارەی لە بانک ڕادەکێشا".
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "لەبەر ئەوەی نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە، چاوەڕوان ناکرێت ئەمساڵ ئەو بڕە پارەیە ڕاکێشرێت، چونکە نەوت بەرمیلی 56 دۆلارە، لە کاتێکدا عێراق بە 42 دۆلار خەمڵاندوویەتی".
ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئەوەشی ڕوون کردەوە کە هیچ بڕە پارەیەک لەو پارە یەدەگەی عێراق کە حکوومەت خەرجی کردووە، بە هەرێمی کوردستان نەدراوە.
چاودێرانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە یەدەگی هەر وڵاتێک، پشکی سەرجەم هاووڵاتییانی ئەو وڵاتەیە، بۆیە خەرجکردنی یەدەگی عێراق، پێویستە بەشی هەموو بەشەکانی وڵاتەکەی لێ بدرێت.
bas news -
