خوێندنی باڵا رێنمایی لەبارەی توانستی زمانی قوتابیانی ماستەر و دکتۆرا دەردەكات
بەپێی زانیارییەکان دوێنێ چوارشەممە 2017 -1- 4 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕێنماییەكانی دەستكردن بە خوێندنی كۆرسەكانی ماستەر و دكتۆرای دەركردووە و یەكێك لە خاڵەكانی بریتییە لە بەدەستهێنانی (5) نمرە لە كۆی (9) نمرە لە زمانی ئینگلیزی بەپێی سیستمی (ئایەڵتس) بڕیاریشی داوە ئەگەر هەر قوتابییەك لە ماوەی یەك ساڵدا نەتوانێت ئەو بڕوانامەیە بەدەست بێنێت، لە پرۆسەی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا دەردەكرێت.
ئەو ڕێنماییانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئێستا بووەتە مایەی نیگەرانی بۆ زۆربەی ئەو قوتابیانەی كە كاندیدی بەدەستهێنانی ئەو بڕوانامەیەن و لەو بارەیەشەوە دوو لەو قوتابیانە بۆ (باسنیوز) لێدوانیان داوە كە لە بەشێكی قسەكانیاندا ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد كە "پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە ڕێنماییەكەیدا بچێتەوە، ئەگینا شەپۆلی دەربڕینی ناڕەزاییەكان لە قسەوە دەكەنە كردار و كاردانەوەیان دەبێت لە بەرامبەردا د. یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەمڕۆی وەزارەتەكەیدا گوتی: "ئەو ڕێنماییانە بە ئامادەبوونی سەرجەم سەرۆك زانكۆكانی كوردستان دەرچوونە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی خوێندنە لە كوردستاندا."
قوتابی سەركەوت ئەحمەد، كە یەكێكە لە كاندیدانی بڕوانامەی ماستەر لەبارەی دەركردنی ئەو ڕێنماییانەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ڕێنماییەكان لە مانگی (1)دا دەرچوون، لە كاتێكدا دەبوایە بەرلەوەی دەست بكرێت بە وەرگرتنی قوتابیان ئەو ڕێنماییانە دەربچووبان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە مەرجی بەدەستهێنانی ئەو نمرەیە و چۆنیەتیی دواكەوتن لە بەدەستهێنانی بڕوانامەكە شێوەیەك لە بیانووگرتنی پێوە دیارە، ئەگینا گونجاو نییە سیستمێكی بەریتانی كە بۆ قوتابییەكانی داوی 5 لەسەر 9 بكات لە كوردستانیش هەمان داواكاریی هەبێت، لەكاتێكدا تەنها كرێی ئەو تاقیكردنەوەیە 300 دۆلارە، و ئەگەر دەریش نەچێت، دەبێت دووبارەی بكاتەوە.
هەمان ئەو قوتابیە گوتیشی: "تاقیكردنەوەكە بە شێوەی ئۆنلاین دەبێت كە ئەم سیستمە بە هەموو شێوەیەك لە كوردستان ڕەت كراوەتەوە بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵا تەنیا بۆ ئەو تاقیكردنەوەیە قبووڵیەتی ئەوەش لە بەرژەوەندیی قوتابیاندا نییە."
لەلایەكی دیكەوە پەروین نانەكەلی، كە كاندیدی بەدەستهێنانی دكتۆرایە بۆ (باسنیوز) گوتی: "وەزارەتی خوێندنی باڵا هیچ مەرجێكی بە كوردی خوێندنی نییە، بۆ ئەو قوتابییە فارس و عەرەبانەی لە زانكۆكانی كوردستان دەخوێنن، بەڵام بە بیانووی بە زانستیكردن مەرجی خوێندنی ئینگلیزییەك كە بە خودی هاووڵاتیانی ئەورووپیش نایەت بەسەر ئێمەدا دەسەپێنێت، لە بەرانبەردا بڕوانامەی سەنتەرەكانی زمانی ئینگلیزی قبووڵ ناكات كە خۆی لە زانكۆكانی كوردستان كردوونییەتەوە و قوتابیانی ئەو سەنتەرانە كات و پارەیەكی زۆریان خەرج كردووە."
هەر لەبارەی ئەو ڕێنماییانەوە هێمن شوانی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ (باسنیوز) گوتی: ئەو ڕێنماییانە لە مانگی 4ی ساڵی رابردوو دەرچوونە و لە 4ی ئەم مانگەش جارێكی دیكە پێداگری لەسەر جێبەجێكردنی كراوەتەوە."
گوتیشی: "پێویستە سەرجەم قوتابیانی كاندیدی ماستەر و دكتۆرا كە ناویان هاتووەتەوە ئەو ڕێنماییانە جێیەجێ بكەن، ئەگەر راستەوخۆ توانی تاقیكردنەوەی ئایەڵتس بكات ئەوا فەرمانی زانكۆیی بۆ دەردەچێت وەك قوتابییەك دەناسێنرێت، ئەگینا دەتوانێت داوای مۆڵەت بكات بۆ ماوەی ساڵێك وەك كاندید دەناسێنرێت و دوای ئەو ماوەیە ئەگەر نەیتوانی ئەو بڕوانامەیە بەدەست بهێنێت، ئەوا ناوی لە لیستی كاندیداندا دەسڕێتەوە."
bas news -
