شێخ جەعفەر: ئەگەر مالیکی بیەوێت هێز بەکار بهێنێت وەک داعش مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5\1\2017، شێح جەعفەر مستەفا، بەرپرسی یەکەی حەفتای هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕایگەیاند: “ئەوە بۆ چەندین جارە نووری مالیکی، داوادەکات هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری کوردستان بکشێتەوە، لە کاتێکدا سەرجەمی ئەو قسانە زیادەیە، ئەو شوێنانە بەخوێن ئازادکراون، ئەوانە ناوچەی کوردستانین، کەسانی وەک مالیکی خەڵکی کوردیان لەو ناوچانە دەرپەڕاندووە، بۆیە ئەوەی مالیکی باسی دەکات، خەیاڵە”.
جەختیشی لەوە کردەوە: “ئەگەر کەسانی وەک مالیکی بیانەوێت هێز بەکاربهێنن، ئەوە هێزی پێشمەرگە، چ مامەڵەیەک لەگەڵ داعش دەکات، هەمان مامەڵەش لەگەڵ ئەوان دەکات، بەڵام هیوادارین ئەوە ڕوونەدات و جارێکی دیکە ڕووبەڕووی شەڕ نەبینەوە لەگەڵ هێزەکانی عێراقدا".
شێخ جەعفەر ئەوەشی ڕوون کردەوە: “دەبێت سەرکردە عێراقییەکان عاقڵانە بیربکەنەوە و تووشی شەڕمان نەکەنەوە، دەبێت وەڵامەکانمان وەک مالیکی بێت، واتە وەک خۆی وەڵامی بدەینەوە، پێشی بگوترێت ئەوەی لەدەستی هاتووە کردوویەتی، کەچی هیچی پێ نەکراوە، دەبێت تێی بگەیەنین کە ئەوەی سەدام کردوویەتی، ئەویش هەر ئەوەی کردووە، بۆیە دەرئەنجامی مالیکی لە سەدام باشتر نابێت".
لە کۆتاییدا ئەوەی ڕوون کردەوە کە یەکێتی سیاسەتی خۆی هەیە و دژی هەر دەستدرێژییەکە بەرانبەر بە کوردستان، گوتیشی: “هەر کەسێکیش نەرمی بنوێنێت، بۆچوونی خۆیەتی، سیاسەتی یەکێتی نییە، پیرۆزی بێت، ئەوانەشی دیار نین، دەیانەوێت خۆیان گەورە بکەن و دەیانەوێت بە مالیکیەوە خۆیان هەڵبواسن”.
باسنیوز
