تاریق گەردی: ده‌بوو مالیكی هه‌وڵی ته‌بایی نێوخۆیانی دابا، نه‌ك قسه‌ له‌سه‌ر پێشمەرگە بكات

 	 تاریق گەردی: ده‌بوو مالیكی هه‌وڵی ته‌بایی نێوخۆیانی دابا، نه‌ك قسه‌ له‌سه‌ر پێشمەرگە بكات
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا دەڵێ، (مالیکی) بۆ پرۆپاگندەی هەڵبژاردن ده‌ڵێ با پێشمەرگە لە سنوورەکانی بکشێتەوە، ''خۆ ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە، هه‌ر خوا دەیزانی داعش چی بەسەر ناوچەکە و عێراق دەهێنا.''

(نووری مالیکی) لە دیمانەیەكی رۆژنامەی ویفاقی ئێرانیدا راگەیاندووە، پێویستە كورد بكشێنەوە بۆ ئەو سنوورانەی سەردەمی (پۆل برێمەر) بۆی دیاریکرابوو و، جێگری سەرۆکی فراکسۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا دەڵێ، دبوا (مالیکی) لە جیاتی ئەوەی بڵێ پێشمەرگە بکشێتەوە ماددەی 140 ی جێبەجێ كردبا، نەک بۆ پرۆپاگندەی هەڵبژاردن و ناته‌بایی نێوماڵی خۆیان ئەو جۆرە قسانە بکات.

(د.تاریق گەردی) بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌روه‌ها گوتی، ''لە راستیدا لێدوانی (مالیكی) و كەسانی دیكە كه‌ دژ بە هەرێمی كوردستان لێدوان ده‌ده‌ن، پڕۆپاگندەن بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، هه‌روه‌ها په‌رده‌پۆشكردنی زۆریی كێشەی نێو ماڵی شیعەیه‌، دیاره‌ دەیانەوێ به‌م هێرشانه‌یان كێشه‌ نێوخۆییه‌كانیان بگوازنەوە دەرەوە؛ خۆی ده‌بوو لە بری هێرشكردنه‌ سەر هەرێمی كوردستان با خۆیان نێو ماڵی شیعە رێك بخەنەوە و هاوپەیمانیی نیشتیمانی چاك بكەن، تا بەشێوەیەك پڕۆژەی نوێیان هەبێت لەگەل سوننە و كورد و پێكهاتەكانی دیكە ئاشت ببنەوە.''

(د.تاریق گەردی) ئاماژەیشی دا، ''(مالیکی) له‌بری ئەوەی بڵێ با کورد بکشێتەوە، با ماددەی140ی دەستووری عێراق جێبەجێ بکات کە لە بەرژەوەندیی گشت گەلانی عێراقدایە.. پێشمەرگە چووە بۆ ئازادکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە سوپای عێراق بە چەک و جبەخانەی پێشکەوتوو لەو ناوچانەدا بەهۆی هێرشی داعش رایکردبوو و راده‌ستی تیرۆریستانی داعشی كردبوو، خۆ ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە، خوا دەیزانی تیرۆریستانی داعش چی بەسەر ئەو ناوچانە و عێراق دەهێنا.''
kdp-
Top