قاسم دربۆ: هاووڵاتییه‌كه‌ی شنگال، سێیه‌مین كه‌سه‌ به‌ هۆی لێدانی ساتره‌وه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ ده‌كوژرێ

قاسم دربۆ: هاووڵاتییه‌كه‌ی شنگال، سێیه‌مین كه‌سه‌ به‌ هۆی لێدانی ساتره‌وه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ ده‌كوژرێ
(قاسم دربۆ) چۆنیه‌تیی كوژرانی ئەو پێشمەرگەیە ئاشكرا ده‌كات کە ویستوویەتی بە حەفارەکەی بچێتە سەر کارێك كه‌ لێدانی ساتر بووه‌ بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و، تەقەی لێ کراوە و کوژراوە.

(قاسم دربۆ) كه‌ فه‌رمانده‌یه‌كی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌ له‌ شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگه‌یاند، ''ئەو پێشمەرگەیەی لە شنگالدا کوژراوە بە حەفارەکەی چوو بوو تا بۆ برایەکی کارێک لە ساترێكی هێزی پێشمەرگەدا بکات، لەبەر ئەوەی کە براکەی ئامر سرییەی پێشمەرگەیە، کاتێک به‌ ڕێگاوە بووه‌ تا بچێتە سەر ساترەکە، تەقەی لێ کراوە و کوژراوە. باوکیشی باسی لەوە کردووە کە بەر لە هەموو کەسێک ئەو چووەتە سەر تەرمی کوڕەکەی و نازانێ کە کێ کوشتوویەتی، گوتوویەتی کە بەر لە چەند خولەکێک و پێش ئەوەی بکوژرێ، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵدا کردووە.''

(قاسم دربۆ) ئاماژەی بە قسەکانی باوکی پێشمەرگەکە کرد کە گوتوویەتی لەگەڵ هیچ کەسدا کێشەیان نەبووە و خوێندەواریشیان نییە و نازانێ بۆچی کوڕەکەیان کوشتووە.
(قاسم دربۆ) گوتیشی ''ئەمە یەکەم حاڵەتی کوشتن نییە کە روو دەدات، پێشووتریش دوو کەسی دیکەیان کوشتووه‌ کە ساتریان بۆ پێشمەرگە لێ داوه‌.. چەندین کێشەش روویداوه‌ لە ناوچەکەدا، بۆیە پێویستە ئەو کارە پشتگوێ نەخرێ و لێکۆڵینەوەی لێ بکرێ و لیژنەیەکی ئەمنیی بۆ پێکبهێندرێت، تا حاڵەتی لەو چەشنە روو نەداتەوە.''

سەبارەت بە نەهێشتنی ئەو جۆرە رووداوانە، (دربۆ) جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ''پێویستە ناوچەکە تەنیا پێشمەرگەی لێ بێت و بەتەواوی کۆنتڕۆڵ بکرێت، ئۆتۆمبێلی جامڕەش و بێژمارەشی لێ قەدەغه‌ بکرێت و چەکهەڵگرتن نەمێنێت، نەک وەک ئەوەی ئێستا دەبینرێ کە خەڵکێکی زۆر چەکی پێیە.''
kdp-
Top